سێ پۆلیس کە مێرمنداڵێکی کوردیان لە ئامەد ئەشکەنجەدا خرانە زیندانەوە
رووداو - هەولێر
سێ پۆلیس کە لە نەورۆزی ئەمساڵدا مێرمنداڵێکی کوردیان لە شارۆچکەی لیجێی ئامەد ئەشکەنجەدا، بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
رۆژی یەکشەممە 26ـی ئاداری 2023 پێنج پۆلیس کە یەکێکیان پلەدارە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی ئەشکەنجەدانی "یە. دیکەن" ـی تەمەن 14 ساڵ دەستبەسەرکران، هەمان رۆژ درانە دادگە.
بە بڕیاری دادگە سێ لە پۆلیسەکان خرانە زیندانەوە و دووانیان ئازادکران.
ناهید ئەرەن، سەرۆکی بارۆی ئامەد، واتە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، لەو پێنج پۆلیسەی دەستبەسەرکرابوون بە تۆمەتی "ئەشکەنجەدان" سیانیان خرانە زیندانەوە.
پارێزگای ئامەد رۆژی یەکشەممە 26ـی ئاداری 2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو مێرمنداڵە کوردە تەمەن 14 ساڵە بەردەوامە کە لەلایەن پۆلیسەوە لێی دراوە و لەو چوارچێوەیەدا پێنج پۆلیس کە یەکێکیان پلەدارە دەستبەسەرکراون و لەکارەکانیان دوورخراوەنەتەوە.
ئەو مێرمنداڵە تەمەن 14 ساڵە، رۆژی 21ی ئاداری 2023 لە شارۆچکەی لجێ لەگەڵ هاورێیەکی تەمەن 10 ساڵ لە رێگەی گەڕانەوە بوو بۆ ماڵەوە، بەڵام تیمێکی پۆلیس وەستاندیانن و بە هاوڕێکەیان گوتووە بڕوات و "یە. دیکەن" ـیشیان سەرخستووەتە نێو ئۆتۆمبیل و ئەشکەنجەیان داوە.
ئەو منداڵە دەڵێ، "بە زۆر دەیانگوت دەبێ بڵێیت 'من تورکم' و جنێو و قسەی نەشیاویان بە کورد دەدا. دەیانگوت مارشی ئیستقلال (مارشی نیشتمانیی تورکیا) بخوێنە. هەروەها هەڕەشەی کوشتنیان دەکرد".
دواتر ئەو پۆلیسانە مێرمنداڵەکەیان بە دەست و دەم بەستراوی لە شوێنێکی دوورەدەست جێهێشت. (ی. دیکەن) تا شەو درەنگ لەوێ ماوەتەوە و دواتریش گوندنشینێک کە بە نزیک ئەو شوێنەدا تێپەڕیوە، دۆزیویەتییەوە و دەم و دەستی کردووەتەوە.
ئەو مێرمنداڵە لەلایەن ئەو پۆلیسانەوە لێی دراوە و چەند برینێک لەسەر جەستەی هەیە و مەترسیی لەدەستدانی چاوێکی لەسەرە.
یڵماز دیکەن، باوکی مێرمنداڵەکە دەڵێت، ئێوارەی دووشەممە 20ـی ئاداری 2023 ئەو تیمەی پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو منداڵانە نێردرابوون کە ئاگریان دەکردەوە و کوڕەکەی ئەویش لەگەڵ هاوڕێیەکی رایانکردووە و دواتریش لەلایەن پۆلیسەکانەوە دەستگیرکراوە.