دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بازاڕی شڵەژاندووە

 
رووداو - هەولێر

دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق جارێکی دیکە بازاڕی شڵەژاند، لەپاش هەڵبژاردنی 10-10-2021 کەرتی خانووبەرە ناجێگیرە، نەبوونی متمانە و سەقامگیری دەستی خەڵکی بۆ پارە خەرجکردن تووند کردووە.
 
سۆران کەریم، خاوەن نووسینگەی خانوو و زەوی دەڵێت، "بێ متمانەیی کە لەنێوان لایەنەکان دروستبووە، وای لێهاتووە کە لەنێو کڕیار و فرۆشیاریش نەماوە، جار هەبووە تاوەکو کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکانیش رۆیشتوون، بەڵام کڕیار پەشیمان بووەتەوە".
 
ئیسماعیل ئەحمەد، خاوەن نووسینگەی خانوو و زەوی ئاماژە بەوە دەکات، "لەپێش هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئێستا بازاڕ کز بووە، خەڵک هەر چاوەڕێ دەکەن حکومەت دروست ببێت، بەڵام هەر نابێت و ئەمە کاریگەریی زۆری لە کاری خانووبەرە کردووە".
 
محەممەد عەبدوڵڵا، خاوەن نووسینگەی خانوو و زەوی رایدەگەیێنێت، "دوێنێ کە بڕیاربوو کۆبوونەوەی پەرلەمان کاژێر 11:00 بکرێت، ئێمە هەموو خاوەن عەقاراتەکان چاومان لەسەر تەلەڤزیۆن بوو بزانین حکومەت پێکدێت یاخود نا. پێش ئەو دۆخە، پرۆژەیەک هاتە بازاڕ لە یەک شەودا بایی 20 ملیۆن دۆلار کڕین و فرۆشتنی پێ کرا، بەڵام ئێستا ژمارەکە زۆر بچووک بووەتەوە".
 
هەرچەندە لێکەوتەکانی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و گرانیی نرخی نەوت، بازاڕی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانەی خەڵکی شێواندووە، بەڵام پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان زیاتر ناسەقامگیریی لە بازاڕ دروستکردووە.
 
شوکر عەلی، بازرگان دەڵێت، "کاریگەریی کردووە، کەمێک خەڵکەکە جێگیر نییە، زیاتر ئەو شەڕە و بابەتی نەوتەکە بووەتە هۆکاری گرانی". رزگار قەساب، گۆشتفرۆش ئاماژە بەوە دەکات، "زۆر کاریگەریی هەبووە، گرانی پەیدا بووە، ئەگەر پەرلەمانی عێراق دانیشێت و پێکبێت، ئەو گرانییە نامێنێت".
 
هەرچەندە دوو لایەنە سەرەکییەکەی شیعەش تاوەکو ئێستا ناکۆکن، بەڵام ئەوەی بووەتە هۆکاری هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار و راسپاردنی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ناکۆکیی پارتی و یەکێتییە.
 
لە فراکسیۆنە کوردییەکان، یەکێتی بە 18 کورسی، یەکگرتوو بە چوار کورسی و کۆمەڵ بە یەک کورسی بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد.
 
سروود شاخستانی، پارێزەر باس لەوە دەکات، "دەبوایە لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆیان وەلا بنایە و لەوێ بەرژەوەندییەکانی لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان چڕ کردبایەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو واقیعەی کە لە پەرتەوازەیی ناوخۆ دروستبووە، گواستیانەوە بۆ عێراق".
 
عەزیز عەبدولڕەحمان، بازرگان ئەوەی خستەڕوو، "هەفتەی داهاتوو گەر بێتو پەرلەمان کۆببێتەوە، ئەگەر کورد نەبێتە یەکدەنگ و ماڵی خۆی رێکنەخاتەوە، هەر وەکو ئێستا دەبێت".
 
بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، پێویستە 220 پەرلەمانتاری عێراق بەشداریی پرۆسەکە بکەن.