لە پشدەر سێ نایجیری دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر سێ کەسی بیانییان لەسەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردووە، کە هەڵگری وەڵاتینامەی نایجیریان و بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئاداری 2022، موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون خەڵکی نایجیریان و ویستوویانە لە قەڵادزێوە بچنە هەولێر، ئەو سێ کەسە کە لە رەگەزی نێرن و هێشتا دیارنییە بەدیاریکراوی لەکوێوە هاتوون، بەڵام گومان دەکرێت لە ئێرانەوە هاتبن".
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەدا ئەو سێ کەسە تەمەنیان لە سەروو 18 ساڵانە، لەبەر ئەوەی زمانی ئینگلیزی نازانن، ئەوانیش دەبێت کەسێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە زمانی ئەو سێ کەسە تێبگات، بۆیە لێکۆڵینەوە لەگەڵیان کاتی دەوێت.
سەبارەت بە چۆنیەتی دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەش، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین روونیکردەوە: "پێشتر هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر لە بوونی سێ کەس کە جێگەی گومان بوون ئاگادارکرانەوە، پاش گەیشتنیان بۆ شوێنی مەبەست دەستگیرکران. دوای لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا دەرکەوت سەرجەمیان بیانین و خەڵکی دەرەوەی عێراقن و بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان."
ئەو سێ کەسە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە 39 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیران، دوای گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پەڕاوەکەیان نێردراوە بۆ بنکەی پۆلیسی قەڵادزێ.