گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: هیچ نووسراوێکمان لەبارەی بڕیارەکانی دادگە بەدەست نەگەیشتووە


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای لیستی مووچەیان لێنەکردوون، تاوەکو ئێستا بۆیان روون نییە مووچەی ئەم مانگە چۆن دەنێردرێت.
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "تاوەکو ئێستا بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییان بە فەرمی بەدەست نەگەیشتووە، بۆیە بە فەرمی وەڵامین نەداوەتەوە، هەر کاتێک بڕیارەکەیان بە دەست بگات ئەو کات بە شێوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی وەڵام دەدەنەوە."
 
لەبارەی ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا تاوەکو بەغدا پارە بۆ مووچە بنێرێت، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ نووسراوێکمان بە دەستنەگەیشتووە و لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لای وەزارەتی دارایی عێراق هەیە و بەردەوام ئەو لیستە نوێکراوەتەوە."
 
هونەر جەمال دەشڵێت، دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی لە ژمارەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، "هەموو مانگێک لە لەکاتی خۆیدا میزانی موراجەعە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە."
 
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی دارایی، کە رۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی عێراق رایگەیاند لە مانگی ئادارەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکەوە دەدرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زەحمەتی دەبینێت وەزارەتی دارایی عێراق بتوانێت لە ماوەی مانگێکدا ئەو کارە بکات و گوتی: "عێراق لە ماوەی هەشت ساڵدا مووچەی مووچەخۆرانی خۆی لە رێگەی کارتی بانکییەوە بەجێ نەکردبێت، چۆن دێت داوا لە تۆ دەکات لە ماوەی مانگێکدا بیکەیت و هەژماری بانکی بۆ هەموو فەرمانبەران بکەیتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەوەی ئێستا عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات سزادانێکە و بە کۆمەڵێک پرۆسە دەستیپێکردووە.
 
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، هونەر جەمال گوتی: "تاوەکو ئێستا بۆ ئێمە روون نییە مووچەی ئەم مانگە چۆن دەنێردرێت، دەبێت بزانین رێکار و رێنماییەکان چۆنە، ئەوەی تاوەکو ئێستا بیستوومانە تەنیا لە میدیاوە بووە، نازانین داواکارییەکان چیە لە ئێمە هەرکاتێک داواکارییەکە گەیشتە ئێمە وەڵام دەدەینەوە."
 
هونەر جەمال گوتیشی: "90٪ لیستی مووچەخۆرانی ئێمە پاک و بێگەردە، بەڵام بەدەر نییە لە کەموکورتی. ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی عێراق ئەو داواکارییانەی لە ئێمەی دەکات لای خۆی هەیە؟"
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی پرسیار دەکات و دەڵێت، چەندین دامەزراوەی ئەمنی و سەربازی هەیە لە عێراق کەس هەیە لیستی ئەو دامەزراوانەی لابێت؟ "بەشێکی داواکانی عێراق لۆژیکی نین، ئێمە دوو ساڵە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق پەیوەندیمان هەیە و هەموو داتاکانیان وردبینی کردووە."
 
هونەر جەمال، جەختیکردەوە، هەندێک لە داواکارییەکانی عێراق بۆ دروستکردنی "گرفتە"، بۆ نموونە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەماوەی مانگێکدا دەبێت هەموو کەسێک لەوە تێبگات ئەوە بۆ دروستکردنی گرفتە.
 
سەبارەت بە بەردەوامبوونی پرۆژەی 'هەژماری من'، هونەر جەمال گوتی: "پڕۆژەی هەژماری من لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و لە سلێمانی رێکارەکانی تەواو کراوە و لە سلێمانیش دەستپێدەکات، پڕۆژەی هەژماری من زۆر پێشکەوتووترە لەو پڕۆژەیەی لە عێراق دەکرێت."
 
لە ساڵی 2023 بەپێی یاسای بودجە پشکی هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 تریلیۆن و نیو بوو، تەنیا 4 تریلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا، کە بەشی زۆری قەرز بوو واتە 25٪ پشکی خۆی بۆ نێردراوە.
 
هونەر جەمال دەڵێت: "لە پێنج ساڵی رابردوودا کە سێ ساڵیان یاسای بودجە هەبوو پێویست بوو 59 تریلیۆن و 401 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام تەنیا نزیکەی 13 تریلیۆن بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، کە ئەوەش تەنیا 22٪ شایستەی دارایی ئێمە بووە.