ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: لەگەڵ ناڕازییەکان لە گفتوگۆی بەردەوامداین


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، هەوڵەکانیان و گفتوگۆکردن بۆ گەڕانەوەی سەرکردە ناڕازییەکان بەردەوامە. گوتیشی، تاوەکو پڕۆسەی ئاشتەوایی یەکلایی نەبێتەوە، کۆنفرانسی نیشتمانی بەڕێوەناچێت.
 
رۆژی دووشەممە 27-02-2023، ستەم کامیل، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و رێکخەری ژووری توێژینەوە ستراتیژییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی دۆخی نێوخۆیی گۆڕان بە هەوراز گوڵپی گوت، "قسە لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردە ناڕازییەکان کراوە و ئێستاش لە گفتوگۆی بەردەوامداین." 
 
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەوەی کە حیزبەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا، دەستیان لەکارکێشایەوە و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێکدێنن. 
 
ئەوکات خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: "وەک هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی ئەم قۆناخە هەستیارە، خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیارماندا دەستلەکاربکێشینەوە، هاوکات لە زووترین کاتدا دەستەیەکی کاتیی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێکدەهێندرێت." 
 
ستەم کامیل لەبارەی بەرنامەی کاری ئەم دەستە کاتییە دەڵێت، "بەچەند هۆکارێک نەمانتوانی زۆر بە باشی وەکو ئەوەی کە نووسرابوو، کارەکان ببەینە پێشەوە و لە ماوەی ئەم ساڵ و نیوەدا ئێمە بەردەوام لە هەوڵ و گفتوگۆ و راگۆڕینەوەدا بووین."
 
بزووتنەوەی گۆڕان 8ی ئەم مانگە، بانگەوازێکی ئاراستەی سەرکردە ناڕازییەکانی بزووتنەوەکە کرد کە بگەڕێنەوە ناو گۆڕان و ''پێکەوە گۆڕان هەڵسێننەوە.''
 
رێکخەری ژووری توێژینەوە ستراتیژییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەکرد، لانیکەم دوو بۆچوونی سەرەکی لە بزووتنەوەی گۆڕاندا ئامادەیە، بۆچوونێک ئەوەیە "کۆنفرانسێکی نیشتمانیی ئەنجام بدرێت و لەنێو کۆنفرانسدا پرسی کشانەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گوتاری سیاسی و ئاشتەوایی دەستپێبکەین."
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان سەبارەت بە رای دووەم گوتی: "باشتر وایە سەرەتا دەستبکەین بە پڕۆسەی ئاشتەوایی و هاوڕێ ناڕازییەکانمان لە دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشت بکەینەوە و دواتر بچینە نێو کۆنفرانس و بەشێک لەو پرسانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە لە کۆنفرانسدا چارەسەر بکرێن."
 
ستەم کامیل باسی لە هەڵوێستی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە وەکو دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان کرد و گوتی: ''هەر هێز و توانایەکیان هەبووبێت لە سەرخستن و پشتگیریکردنی دامەزراوەکانی گۆڕان، بەکاریانهێناوە و پێیانوایە گۆڕان دەبێت بە ئاراستەی ئاشتەوایی و ئاشتکردنەوەی سەرکردە و هەڵسوڕاوە ناڕازییەکان و خەڵکدا بڕوات." 
 
رۆژی 29-1-2023، چیا و نما، هەردوو کوڕی نەوشیروان مستەفا، نامەیەکیان بۆ ئامادەکاریی "قۆناخی هەستانەوەی" بزووتنەوەکە ئامادەکردووە و باسی ژمارەیەک پرسی نێوخۆیی بزووتنەوەکە و کێشەکانی دەکەن و چارەسەریش دەخەنە بەردەستی ئەوانەی نامەکەیان بۆ ناردوون، لە نامەکەیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کۆنفرانسی نیشتمانی ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی رازی و ناڕازییەکانی بزووتنەوەکە.
 
لە بەشێکی نامەکەدا لەبارەی گردی زەرگەتە کە لە سلێمانی بە 'گردەکەی گۆڕان' ناسراوە هاتووە، "لەسەر پرسی گردەکە جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەینەوە کە تاکە بژاردە و خواستی باوکمان ئەوە بوو گردی زەرگەتە ماڵ و قەڵای گۆڕانخوازان و گۆڕانێک دەبێت کە لە بەرەی گەلدا بمێنێتەوە."