حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: عومرەکارێکی کورد لە سعودیە کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ عومرەکارێکی کورد لە سعودیە دوای تەواوکردنی ئەرکە ئایینییەکانی، کۆچی دواییکرد. 

رۆژی شەممە، 27-01-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە "ئه‌و عومره‌كاره‌ لە دوو رۆژی رابردوودا کەمێک تەندروستی تێکچووە و له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی كه‌ هاوسه‌فه‌ری بووە، سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواتر له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌خه‌وێندرێت و به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ كۆچی دواییكرد، بڕیارە هه‌ر له‌ شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز بەخاک بسپێردرێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئه‌و عومره‌كاره‌ ناوی شه‌فیقه‌ ئیبراهیم حەسەنە، ته‌مه‌نی 60 ساڵ و دانیشتووی پارێزگای دهۆك بووە. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە گوتەی کەسە نزیکەکانی، ئه‌و ئافره‌ته‌ عومره‌كاره‌ به‌ر له‌وه‌ی سه‌فه‌ر بكات، گه‌رده‌نئازایی له‌ كه‌سوكاری كردووه‌ و وه‌سیه‌تی خۆیشی كردووه‌ و دواتر خواحافیزی له‌ كه‌سوكاری كردووه‌، به‌ كه‌سوكاری گوتووه‌ كه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی پێیانگوتووه‌ كه‌ عومره‌ ده‌كات و به‌سه‌لامه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر پێیگوتوون، كه‌ ره‌نگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌."
 
له‌ سەرەتای دەستپێکی وەرزی عومرەوە لە 2023 تاوەکو کۆتایی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ، 12‌ عومرەکاری کورد لە سعودیە کۆچی دواییان کردووە، کە پێنج پیاو و حه‌وت ئافرەت بوون، بەڵام لە ئەم ساڵدا ئەمە یەکەم عومرەکاری کوردە لە سعودیە کۆچی دوایی بکات.