پارتی لیبراڵی کوردستان: دووبارە بەنداوی تشرین بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان بە رۆکێت هێرشیان کردووەتە سەر بەنداوی تشرین، گوتیشی: ''نامانەوێت بەبێ ئەنەکەسە بچینە شام، بەڵام ناتوانین هەر چاوەڕێ بین، پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.''
رۆژی (پێنجشەممە، 26-12-2024)، فەرهاد تێلۆ، سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''پێویستە بە زووترین کات شاندێکی کوردیی یەکگرتوو پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ، هەموومان پێکەوە بەرەو شام بچین.''
فەرهاد تیلۆ کە پارتەکەی سەر بە پەیەنەکەیە گوتی: "ئێمە وەک پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد و چەند پارتێکی دیکەی سەربەخۆ، ئامادەیی خۆمان بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش راگەیاندووە، بەڵام ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) ماوە و تاوەکو ئێستا چاوەڕوانی هەڵوێستی ئەوانین.''
ئەنەکەسە و بەرەی کوردستانی سووریا بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردی سەرەتا داوا دەکەن ئەو کادیر و شەڕڤانانەی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستانن رۆژئاوای کوردستان بەجێبێڵن. پێشتریش مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەڵوێستێکدا رایگەیاندبوو، ئەگەر لەگەڵ تورکیا بگەنە رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ، ئەوا شەڕڤانانی دەرەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سووریا جێدێڵن.
سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان گوتی: ''پێویستە ئەنەکەسە بە زووترین کات هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە، بۆ ئەوەی شاندێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا پێکبهێنرێت، چونکە دۆخەکە زۆر هەستیارە.''
دوای ئەوەی رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەتەوە رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند، گرنگیی دیالۆگی کوردی - کوردی لە رۆژئاوای کوردستان زیاتر بوو.
فەرهاد تێلۆ گوتی: ''ئەگەر ئەنەکەسە وەڵام نەداتەوە، پێویستە کۆنفرانسێکی کوردی ساز بکرێت و بە ئامادەبوونی کەسانی رۆشنبیر، نووسەر و سەربەخۆ شاندێکی هاوبەش پێکبهێنرێت. نامانەوێت بەبێ ئەنەکەسە بچینە شام، بەڵام ناتوانین هەموو کات چاوەڕێیان بکەین.''
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
شاندێکی فەرەنسی- ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان سەردانی هەردوو لایەنی کردووە و هەوڵی لێکنزیککردنەوەیان دەدات. سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان دەڵێت، ''ئەو شاندەی کۆبوونەوەی لەگەڵ پەیەنەکە و ئەنەکەسە دەکرد، بۆ پشووەکانی سەری ساڵ چووەتەوە فەرەنسا و دەبێت دوای سەری ساڵ گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە و بەردەوام بن.''
''دۆخی منبج و کۆبانێ ئاڵۆزە''
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) بە ناوی لە 25ی 11ی 2024 لە دژی سوپای سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا، ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گزنگی ئازادی" راگەیاند، بەڵام ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبجدا گرت، ئێستا دەیانەوێت دەست بەسەر بەنداوی تشریندا بگرن، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.
سەرۆکی پارتی لیبڕالی کوردستان باسی لەوە کرد، ئێستا ئاڵۆزی لە منبج، بەنداوی تشرین و کۆبانێ هەیە، ''ئەمڕۆ و دوێنێش چەتەکان بە هاوکاریی دەوڵەتی تورک بۆردوومانی ئەو ناوچانەیان کردووە و ئەمڕۆش بە رۆکێت بەنداوی تشرین بۆردوومان کراوە.''
بەنداوەکە کارەبای سنووری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات و 100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرا، بەڵام توانای گشتی 600 مێگاوات بووە. ئێستا بەهۆی راوەستانی کار لە بەنداوەکە و ئەو زیانانەی پێی گەیشتووە، 16 رۆژە کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان بێ کارەبان.