رووداو یەکەم وێنەی دکتۆر فرسەت سۆفی لە کاتی نەخۆشکەوتنی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رووداو یەکەم وێنەی دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر لە کاتی نەخۆشکەوتنی بڵاودەکاتەوە کە وەک دەردەکەوێت تەندروستیی جێگیرە. بەڕێوەبەری نووسینگەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم وێنەیە لە 27-10-2020 لە نەخۆشخانەی تایبەتی سانتێ لایڤ لە هەولێر گیراوە."
هەڤاڵ عەبدولعەزیز، کە بەڕێوەبەری نووسینگەی دکتۆر فرسەت سۆفی بوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "ئێوارە بوو دکتۆر فرسەت پێیگووتم ریشم بتاشە، چونکە ئەو پێیناخۆش بوو ریشی زۆری هەبێت، منیش پێداویستییەکانم هێناو ریشیم تاشی، خۆشی بەشێک لە ریشی تاشی."
بەڕێوەبەری نووسینگەی دکتۆر فرسەت سۆفی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "دوای خاوێنکردنەوەی رووخساری، بە زەردەخەنەوە گوتی ئێستا ئیسراحەتم کرد، دەی ئێستا وێنەیەکیشم بگرە، منیش بە مۆبایلەکەم ئەو وێنەیەم گرت و راستەوخۆ دکتۆر فرسەت گوتی وێنەکەم بۆ ویساڵ بنێرە، کە هاوژینیەتی."
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئەوکاتی دکتۆر فرسەت کە وێنەکەی تێدا گیراوە، هەڤاڵ عەبدولعەزیز گوتی "دۆخی تەندروستی ئەوکاتی تا رادەیەک باش بوو، هەر وەک لە وێنەکەش دیارە ئەوکاتی ئۆکسجینی 88 بوو، بەڵام چوار رۆژ دوای وێنەکە دۆخی تەندروستی تێکچوو و رەوانەی تورکیا کرا."
بەگوێرەی زانستی پزیشکی مرۆڤی ئاسایی دەبێت رێژەی ئۆکسجینی لە 95 پلە کەمتر نەبێت. سێ هەفتە دوای وێنەکە، لە 18-11-2020 دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی تورکیا بە کۆرۆنا گیانی لە دەستدا.
سبەی یەکشەممە 27-12-2020، چلەی ماتەمینی دکتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێرە.
د. فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی رابردوو بووە پارێزگاری هەولێر.
- دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە
- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو
- ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو
- ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو
- سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر خێزانداربوو و لەدوای خۆی دوو کوڕ و دوو کچی بەناوەکانی (هێڤار، هێدار، نڤار و ڤیار). جێهێشت، کە تەمەنیان لەنێوان پێنج ساڵ و 17 ساڵە.