وەزارەتی کشتوکاڵ: هەناردەی بەرهەمی پەلەوەرخانەکان بۆ شارەکانی عێراق دەستیپێکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری دەڵێت: دوای راگیرانی؛ ئێستا ناردنی بەرهەمی پەرلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی عێراق دەستیپێکردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "چەند رۆژێکە ناردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان بۆ شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەستیپێکردووەتەوە."
بە گوتەی رابەر محەممەد، حکومەتی عێراق مەرجی ئەوەی داناوە، هەر پڕۆژەیەکی هەرێمی کوردستان بیەوێت بەرهەمەکانی بنێرێتە شارەکانی عێراق پێویستە لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە خۆی تۆماربکات، دواتر لیژنەیەکی وەزارەتەکە دێن و لێکۆڵینەوە و وردبینی لە پڕۆژەکە و قەبارەی بەرهەمی دەکەن؛ ئینجا رێگەی پێدەدرێت بەرهەم رەوانە بکات.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری، ئێستا زیاتر لە 70٪ـی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان، لەپێناو رێگەدان بە تێپەڕبوونی بەرهەمەکانیان لە بەغدا خۆیان تۆمار کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 7ـی ئەم مانگە، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان بە رووداوی گوت: "نزیکەی شەش مانگە کێشەی ناردنی مریشکی زیندوو بۆ شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق هەیە و ناهێڵن بەرهەمەکانمان ساغ بکەینەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەتەوە، سەرەتا رەزامەندی دەدەن و دەڵێن باشە رێگەدەدەن، دواتر پەشیمان دەبنەوە و ناشزانن هۆکار چییە، "بەڵام بابەتەکە سیاسییە و دەیانەوێت زیان بە بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەنن."