دادگەی باری کەسێتیی هەڵەبجە: کوردەوان کوڕی مەحموود فەتاح نییە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باری کەسێتیی هەڵەبجە رایگەیاند، بەگوێرەی پشکنینی DNA هاوڕێ ئەنوەر، ناسراو بە کوردەوان، کوڕی مەحموود هەڵەبجەیی نییە. بەڵام کوردەوان سوورە لەسەر ئەوەی کوڕی مەحموودە و دەڵێت، "پشکنینەکانم گۆڕدراون."
هاوڕێ ئەنوەر ناسراو بە (کوردەوان) ئەو منداڵە دۆزراوەی هەڵەبجەیە کە دوای 35 ساڵ گەڕاوەتەوە. لە سەرەتای ئەم ساڵ رایگەیاند، خێزانەکەی خۆی دۆزیوەتەوە و کوری مەحموود هەڵەبجەییە، لە بەغدا و سلێمانیش پشکنینی دی ئێن ئەی کردووە و سەلمێندراوە کە کوڕی ئەو بنەماڵەیە، بەڵام مەحموود بەردەوام رەتیدەکاتەوە کە کوردەوان کوڕی ئەو بێت.
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، هاورێ ئەنوەر (کوردەوان) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دادگەی باری کەسێتیی هەڵەبجە رایگەیاندووە ئەنجامی پشکنینەکان گەڕاوەتەوە و کوڕی مەحموود هەڵەبجەیی نیم، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەو زانیارییانە راست نین و پشکنینی DNA منیان گۆڕیوە."
هاورێ ئەنوەر گوتی: "پێش سێ مانگ کە پشکنینی DNAیم کرد، دەنگی پزیشکێک لای مامم تۆمارکراوە، کە دەڵێت ئەوە پشکنینی DNAی کردووە و دەینێرین و ئێوە کاری خۆتان بکەن، واتا پشکنینەکە گۆڕدراوە. لەگەڵ شڤانی برام پشکنینمان کرد، بەڵام پشکنینی شڤان هەر ونبووە و نییە تەنیا پشکنینەکەی من گەڕاوەتەوە."
بەگوتەی کوردەوان هەڵەبجەیی، "مەحموود هەڵەبجەیی نایەوێت بسەلمێنرێت کە من کوڕی ئەوم لەبەر مووچەی شەهیدانە. من و دایکم مووچەی شەهیدانەمان هەیە."
مەحموود فەتاح لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە سێ منداڵی بێسەروشوێن بوون، دوو کوڕ و کچێک، پێشتر کوڕ و کچێکی دۆزراوەتەوە بەناوی شکار و ماردین، بەبێ پشکنینی DNA بەو نیشانانەی کە هەیان بووە وەک منداڵەکانی خۆی قبوڵی کردوون، دوای نزیکەی 20 ساڵ سکاڵای لەسەر هەردوو منداڵەکە تۆمار کردووە و داوای پشکنینی DNAـی کردووە، دوای ئەوەی ماردین گیان لەدەستدەدات دەست لە سکاڵاکان هەڵدەگرێت، ئێستا رەتیدەکاتەوە کوردەوان کوڕی ئەو بێت.