کەشناسی: بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، "سبەی لە زۆربەى ناوچەکانى هەرێمی کوردستان "بارانى پچڕ پچڕ دەبارێت،" ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئێوارە و شەویشدا کاریگەریى شەپۆلەکە لە بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان چالاکتر دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، بەشی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ئاسمان هەور بێت، لەگەڵ بارانبارینى پچڕ پچڕ لە هەندێک ناوچەى جیا جیا و ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەنتەرى پارێزگاکان ئەگەرى بارانبارینى کەم هەیە."
 
لەبارەی کەشوهەوای ناوچە شاخاوییەکانەوە، کەشناسی دەڵێت، "دابارین مامناوەند دەبێت، بەتایبەتى لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بە تایبەتى لە شەودا؛ لە هەندێک ناوچەى شاخاویى سنووریشدا ئەگەرى بەفربارین هەیە."
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممەوە کەشناسی دەڵێت، "لە ئەنجامی زیادبوونى کاریگەریى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى نێوەڕاست، بارانبارین لە ناوچەکەمان زیاتر دەبێت؛ هەروەها بەفربارینیش بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە."
 
بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەشی کەشناسی، "سبەی لە زۆربەى ناوچەکانى پارێزگاکان بارانى پچڕ پچڕ دەبارێت؛ هەندێک ناوچە ئاستى دابارینی زیاتر دەبێت، وەک بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک. لە ئێوارە و شەویشدا کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان چالاکتر دەبێت."
 
لەو بارەوە ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەشوهەوا لە ئێستاوە ناجێگیرە. زۆربەی کات نیمچە هەور و هەورە و لە شوێنی جیاجیا ئەگەری بارانبارین هەیە. سبەی کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و بەشێوەی بارانی پچڕپچڕ دەبێت و لەگەڵیشدا بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکان دەکات و پێشبینی نزمبوونەوەی پلەی گەرماش هەیە."
 
بە گوتەی ئاسۆ کەمال، ئەو بارانبارینەی سبەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە زۆر نابێت کە ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو یان دروستبوونی لافاو و دەشڵێت، "سبەی کاریگەری زیاتر دەبێت و بەیانی رۆژی سێشەممە کاریگەرییەکە کەمتر دەبێتەوە و ئاسمان زیاتر نیمچە هەور و پەڵە هەور دەبێت."
 
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی دووشەممە بەمشێوەیە دەبێت؛
 
هەولێر؛ 14 پلەى سیلیزى
سلێمانی؛ 13 پلەى سیلیزى
دهۆک؛ 12 پلەى سیلیزى
کەرکووک؛ 16 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە؛ 15 پلەى سیلیزى
زاخۆ؛ 14 پلەى سیلیزى