حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: مانگی داهاتوو تیروپشک بۆ ناوی حاجییان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مانگی داهاتوو تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە فۆڕمی حەجکردنیان پڕکردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرقاڵی رێکخستنەوە و پێداچوونەوەین بە ناوی ئەو کەسانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، هەموو هەوڵێک دەدرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا تیروپشکەکە رابگەیێنین."
کاروان ستوونی گوتی، "ئەم ساڵ 60٪ چانس بەو کەسانە دەدرێت کە 2017 ناویان نووسیوە و 40٪ بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە ئەم ساڵ فۆڕمیان پڕ کردووەتەوە."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 50 هەزار کەس کە لە 2017 ناویان نووسیوە، ناویان دەخرێتە نێو تیروپشک. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "ئەم ساڵ دوایین ساڵ دەبێت کە ناویان دەخرێتە تیروپشک و لە ساڵی داهاتووەوە ناونووسین بە ئۆنڵاین دەبێت."
تاوەکو ئێستا نرخی حەجی 2024 رانەگەیێندراوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەوە لای عێراقە و تاوەکو ئێستا نرخ دیاری نەکراوە، تەنیا پشکی حەج دیاریکراوە کە وەکو پارە و پشکی هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 685 کەسە."
لەبارەی ئەو کەسانەی دووجار یاخود زیاتر فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، کاروان ستوونی دەڵێت، "بەگوێرەی رێنماییەکان ئەو کەسانەی زیاتر لە جارێک فۆڕمیان پڕکردووەتەوە ناویان ناخرێتە نێو تیروپشکەوە."
ئەم ساڵ 4685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێ گەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون. تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4500 و بە وشکانیش 3800 دۆلار بوو.