لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە وان کەسێک گیانی لەدەستدا و 7ی دیکەش بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، کەسێک گیانی لەدەستدا و 7 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە شەوی رابردوو لەسەر رێگەی وان - ئەرجیش روویدا و تێیدا مینی پاسێک و ئۆتۆمبێلێک خۆیان بەیەکدا کێشا.
تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی چوونە شوێنی رووداوەکە؛ 8 کەس لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە و مینی پاسەکە بریندار بوون.
بریندارەکان لەلایەن تیمەکانەوە بە مەبەستی چارەسەر وەرگرتن رەوانەی نەخۆشخانە کران، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون کە تێیاندا هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون.