بە کشانەوەی کۆمەڵی دادگەری پارتی دوو کورسی و یەکێتیش کورسییەک زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کشانەوەی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسیی لایەنەکان لە پەرلەمان دروست دەکات و، لە سێ کورسی، دووی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند "100٪ دڵنیابووینەوە لەوەی ساختەکاری زۆر لە هەڵبژاردن کراوە، بۆیە ناچینە پەرلەمان."
ئارام برادۆستی، شارەزای سیستمی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ (شەممە، 26-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئەگەر کۆمەڵی دادگەری نەچێتە پەرلەمان، سێ کورسییەکەی بەم شێوەیە دابەش دەبن:
لە سلێمانی دوو کورسی بەدەستهێناوە، یەکێکیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوەی دیکە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەچێت.
هەروەها کورسییەکەی بازنەی هەولێری بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێت، واتا لە سێ کورسییەکەی دووانیان بۆ پارتی و یەکێکیان بۆ یەکێتی دەبێت.
بەهۆی گۆڕانکاری لە ریزبەندییەکە لە سلێمانی، "هاوپەیمانیی کوردستان کورسییەکەی لەدەستدەدات و دەدرێتە نەوەی نوێ." ئەمە وەک ئارام برادۆستی روونی کردەوە.
بەهۆی گۆڕانکاری لە ریزبەندییەکە، لە هەولێر گۆڕانکاری لە کۆتای ئافرەت روودەدات. ئارام برادۆستی گوتیشی، "لە لیستی بەرەی گەل لە جیاتی ئافرەتەکە، شادمان مەلا حەسەن سەردەکەوێت، کە لە ئاستی لیستەکەی لە بازنەی هەولێر زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە."
ئەنجامی هەڵبژاردن پاش کشانەوەی کۆمەڵی دادگەری:
پارتی: 41 کورسی
یەکێتی: 24 کورسی
نەوەی نوێ: 16 کورسی
یەکگرتوو: حەوت
رەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
بەرەی گەل: دوو کورسی
گۆڕان: یەک کورسی