لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە ئەرزەڕۆم 23 کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان لە رووداوێكی هاتووچۆدا، 23 کەس بریندار بوون.
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023 لە شەقامی ئیپەک لە گەڕەکی زانکۆ لە ناوەندی شاری ئەرزەڕۆم روویدا.
پاسێك، کە ژمارەیەک فەرمانبەری دەگواستەوە بۆ ناوەندی بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، لەدواوە خۆی کێشا بە پاسێكی شارەوانیدا کە لە ترافیک لایت وەستابوو، بەو هۆیەوە پاسەکە بەر ئۆتۆمبێلەکانی پێش خۆی کەوت و لە ئەنجامی ئەم بەریەککەوتنەدا سێ ئۆتۆمبێلی تایبەت بەریەککەوتن. لە رووداوەکەدا 23 کەس بریندار بوون.
دوای گەیشتنی تیمەکانی تەندروستی، پۆلیس و بەرگریی شارستانی، بریندارەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ئەرزەڕۆم و نەخۆشخانەی فێرکاریی زانکۆی ئەتاتورک.
بەگوێرەی زانیارییەکان دۆخی تەندروستیی بریندارەکان باشە و برینەکانیان سووکە.
بەپێی ئاماری بەشی هاتووچۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیاوە، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو سەرەتای تشرینی یەکەمی 2023 لە باکووری کوردستان و تورکیا 411 هەزار و 675 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە؛ بەهۆیانەوە دوو هەزار و 253 کەس گیانیان لەدەستداوە و 269 هەزار و 91 ـی دیکەش برینداربوون.
ساڵی 2022ـش لە باکووری کوردستان و تورکیا 485048 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و لە ئەنجامدا 2282 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 291151 کەسی دیکەش بریندار ببوون.