ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان زیادیکردووە و دووکان کەمیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان زیادیکردووە، بەڵام بەنداوی دووکان نزیکەی 5% کەمیکردووە.
 
کۆچەر جەمال تۆفیق، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ ئاوێکی زیاتر بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەدەینەوە، چونکە ئەمساڵ مانگەکانی 9 و 10 ئاو لە عێراق کەمبوو، بۆیە رۆژانە ئاستی ئاوی دووکان 10 سانتیمەتر دادەبەزێت."
 
سێ بەنداوی گەورە لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەوانیش دووکان، دەربەندیخان و دهۆکن. بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان، ئێستا 23%ی بەنداوی دووکان ئاوی تێدایە و بەراورد بە پار ئاستی ئاوی بەنداوەکە 5% کەمیکردووە و دەڵێت، "ئەوە بڕێکی زۆر نییە، دەکرێت بە بارانێکی باش قەرەبوو بکرێتەوە."
 
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، ئێستا ملیارێک و 389 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
 
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا بەنداوەکە بەراورد بە پار ئەمکاتە ئاستی ئاوەکەی نزیکەی 10 مەتر و نیوێک زیاترە، کە نزیکەی 450 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەکات."
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان گوتیشی، "هیچ شتێکی جێگیر نییە لەبارەی ئاستی زیادبوونی ئاو مانگانە لە بەنداوەکە، چونکە ئەوە پەیوەندیی بە دوو شتەوە هەیە، کە ئەوانیش رێژەی بارانبارین کە لەم وەرزەوە دەستپێدەکات، هەروەها رێژەی بەردانەوەی ئاو، کە هەندێک کات پلانی بەردانەوەی ئاو دەگۆڕێت بە نموونە، حەمرین بارودۆخی خراپ بوو زیاتر بەردەدەینەوە، باش بوو کەمترە."