نەقیبی رۆژنامەنووسان دەڵێت سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکا لە کارەکەی دەرکراوە و جێگرەکەی رەتیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی سەندیکا لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و دەبێت پێوەی پابەند بێت. جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستانیش دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک وەکو لیستی سەوز لە سەندیکا، ناچینە ژێر بڕیاری لادانی سکرتێری لقی سلێمانی."
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان و جێگرەکەی دوو رای دژ بە یەکیان هەیە لەبارەی دوورخستنەوەی کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان. بە گوتەی نەقیبی سەندیکا، سکرتێری لقی سلێمانی بە کۆی دەنگی ئەندامان لە کارەکەی دوورخراوەتەوە؛ بە گوتەی جێگرەکەشی، ئەوان وەکو لیستی سەوز لە سەندیکا ناچنە ژێر باری ئەو بڕیارە.
رۆژی پێنجشەممە 26-10-2023 ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر هەموو دەزگاکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە سکرتێری لقی سلێمانی لە مانگی 7ـی 2021ـەوە لە پۆستەکەی نەماوە، بە برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان گوتووە بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەندیکا کە هەموومان واژۆمان کردووە دەرکراوە و دەبێت ئەو پابەند بێت، بەڵام بەداخەوە یەکێتی رێگربوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و پێمانوایە ئەوە دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆی سەندیکا."
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان داوا لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. دەشڵێت، "حەوت لق و شەش نووسینگەمان هەیە، بەڵام هیچ لقێک و تەنانەت ئەنجوومەنیش راگەیێندراو دەرناکا، لیژنە هەیە و ئەوان راگەیێندراو دەردەکەن، لقی سلێمانی بۆچی راگەیێندراو دەردەکات؟"
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان، بە گوتەی نەقیبی رۆژنامەنووسان بێت، مانگی حەوتی 2021 لە کارەکەی "دەرکراوە". ئازاد حەمەدەمین لەبارەی رەزامەندیی جێگرەکەی، کە لە پشکی یەکێتییە، لەسەر بڕیارەکە دەڵێت، "هەموو ئەنجوومەنی سەندیکا رێز لە بڕیارەکە دەگرن و ئەوە پێشتر دراوە، کێشە نییە با برادەرانی یەکێتی کێیان دەوێت دایبنێن؛ بۆچی داینانێن؟ پێمانوایە هیچ حیزبێک بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری سەندیکا بکات."
بە گوتەی ئازاد حەمەدەمین بێت، سکرتێری لقی سلێمانی، "لەسەر ئیلتیزام نەکردن، ناپیشەییبوون و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەندیکا دەرکراوە، ئەویش ناهەقی نییە دەڵێت من کادری یەکێتیم و منیان لێرە داناوە، دەبێت یەکێک پێم بڵێت بڕۆ بۆ ئەوەی بڕۆم."
بژار حەکیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان لەراگەیێندراوێکدا وەڵامی نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی، پێش دەستبەکاربوونی ئێمە وەک جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسان، ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە مانگی 7ـی ساڵی 2021 بڕیاری لادانی کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای دەرکردبوو.
بژار حەکیم دەڵێت، "دوای دەستبەکاربوونمان وەک جێگری نەقیب، لە مانگی 12ـی ساڵی 2021، تائێستاش ئێمە راشکاوانە بە نەقیب و ئەنجوومەنی سەندیکامان راگەیاندووە، بەهیچ شێوەیەک وەک لیستی سەوز لە سەندیکا، ناچینە ژێر بڕیاری لادانی سکرتێری لقی سلێمانی. لەم روونکردنەوەیە بۆ هەمووان رایدەگەیێنین کە جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسان و لیستی سەوزی سەندیکا، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بڕیاری لادانی سکرتێری لقی سلێمانی نییە."
ئەو دوو گوتە دژبەیەکە دوای ئەوە هات، رۆژی 24-10-2023 لە شاری سلێمانی دوو رۆژنامەنووس دەستگیرکران، لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو دوو رۆژنامەڤانە لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لەبارەی یەکێک لە رۆژنامەڤانە دەستگیرکراوەکان گوتی، "دەستگیرکردنی عیماد بیلال بەھیچ جۆرێک پەیوەندیی بە ئازادیی میدیا و رەخنەوە نییە (بەڵکو) بابەتی نێوان دوو ھاووڵاتییە، کە بە رێکەوت ھەردووکیان رۆژنامەنووسن."
بەگوێرەی بڕیارێکی ژمارە 1349 سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رۆژی 28-07-2021 کاروان ئەنوەر لەکارەکەی لابراوە. بڕیارەکە واژۆی ئازاد حەمەئەمین ، نەقیبی رۆژنامەنووسان، ئەنوەر حوسێن، جێگری نەقیب، هەندرێن ئەحمەد سکرتێر و چوار ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی لەسەرە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی سەندیکا لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دوای گفتوگۆی کێشە و گرفتەکانی لقی سلێمانی و بڕیار و راسپاردەی کۆبوونەوەکانی پێشوو، تایبەت بە پابەندنەبوونی بەرێز کاروان ئەنوەر وەک سکرتێڕی لقی سلێمانی بە رێوشوێنی کاری سەندیکایی لە چوارچێوەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی بەهۆی ئەم دۆسیانەوە:
- پابەندنەبوونی ناوبراو بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەندیکا و سەرپێچێ لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان.
- ئاماژە بە کۆنووسی ئەنجوومەنی سەندیکا لە 28ـی نیسانی 2019، لەبارەی ئامادەبوونی ناوبراو بۆ پێڕاگەیاندنی بڕیارەکانی ئەنجوومەن لەبارەی پابەندنەبوونی بە بڕیارەکانی ئەنجوومەن کارکردن لە دژی سیاسەتی گشتی و بنەما و ئامانجەکانی سەندیکا و پێنەدانی زانیاری لەسەر چۆنێتی خەرجکردنی ئەو پارەی کە بڕەکەی لە 50 ملیۆن دینار زیاترە وەک لقی سلێمانی وەریگرتووە لە چوارچێوەی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری، لە دەرەوەی رێکارەکانی کارگێری خەرجکراوە، دواتر سەرپێچی لە بڕیارەکانی ئەنجوومەن.
- ئاماژە بە کۆنووسی ئەنجوومەنی سەندیکا ژمارە (37) لە 02-06-2019 بڕیاری ئەنجوومەن کە دەبێت لقی سلێمانی هەموو مامەڵەیەکی دارایی لەرێگەی سەرپەرشتیاری سلێمانی دەبێت و بەرێز کاروان ئەنوەر ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەکردووە.
- ئاماژە بە کۆنووسی سکرتاریەتی ئەنجوومەن لە 22-01-2020 بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری (پێراگەیاندنی هۆشداری) بە ناوبراو لەبارەی کێشە داراییەکانی لقی سلێمانی و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەن کە کۆنووسەکە لە کۆبوونەوەی ژمارە (39) لە 23-01-2020 پەسەندکراوە.
- پابەندنەبوونی سکرتێری لقی سلێمانی بە گەڕاندنەوەی ئابوونەوەی ئەندامانی سەندیکا و دروستکردنی پێناسی سەندیکا بۆ ئەنجوومەن وەکو بڕیاری ئەنجوومەن ئاماژە بە کۆبوونەوەی سکرتاریەتی ئەنجوومەن لە 20-12-2020.
- بەکرێدانی بەشێکی بارەگای سەندیکا بەبێ ئاگاداری ئەنجوومەن سەرەرای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم بەکرێدانە.
- داخستنی بارەگای لقی سلێمانی بە بڕیاری تاکەکەسی سکرتێری لقی سلێمانی، سەرەرای رێنمایی ئەنجوومەن بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی لقەکە لە خزمەتی رۆژنامەنووساندا
بڕیاردرا بە
- لابردنی بەرێز کاروان ئەنوەر لە ئەرکی سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
- کۆبوونەوەی لقی سلێمانی بەسەرپەرشتی ئەنجوومەن سازبکرێت، بۆ راسپاردنی یەکێک لە ئەندامانی لقی سلێمانی بۆ هەڵسوڕاندنی کاروباری لقی سلێمانی تاوەکو کۆنفرانسی داهاتووی لق.
- ئەم بڕیارە لە رۆژی پێراگەیاندن بە لقی سلێمانی، جێبەجێ دەکرێت.