فەرماندەی لیوای 18ی پێشمەرگە شەهید بوو
رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکێکی دیکە لە پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕەکەی مەخموور شەهید بوو، کە فەرماندەی لیوای 18ی پیادەیە.
ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادەی پێشمەرگە یەکێک بوو لە بریندارەکانی ئەو شەڕەی رۆژی 22ـی ئەم مانگە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق روویدا، کە ئەو رۆژە دوو پێشمەرگە شەهید و 11ـیی دیکە بریندار بوون.
بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە 26-10-2023) دەوروبەری کاژێر 04:00ی بەیانی، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ساڵح زراری شەهید بوو.
بڕیارە کاژێر 9:00ی ئەمڕۆ تەرمی عەقید ساڵح لە گوندی زەرگەزەوی بەخاکبسپێردرێت. هەر لەوێ وەزارەتی پێشمەرگە مەراسیمێک بۆ بەخاکسپاردنی رێکدەخات.
ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2023 لە شەڕی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور بریندار بوو، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەهید بووhttps://t.co/BVU3KRJDYB pic.twitter.com/6GNbkchmMo
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 26, 2023
شەڕەکە لەکاتێکدابوو، 19-10-2023 هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق بەپێی رێککەوتنێک، چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لەسەر چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە، دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکران.
22ی تشرینى یەکەمى 2023 غازى فەیسەڵ، بەرپرسی پێشمەرگە خۆبەخشەکانى چیاى قەرەچووخ لە قەزاى مەخموور بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێکدادانى نێوان سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە لە نزیک کەمپى ئاوارەکانى مەخموور، لەسەر سێ خاڵى سەربازی بووە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى کەمپەکە و پێشتر چۆڵ کراوە و سوپاى عێراق دەیەوێت وەریبگرێتەوە."
غازى فەیسەڵ گوتیشى، "بەرپرسانى کەمپى مەخموور داویان کردووە سوپاى عێراق لە ھێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو کەمپە بیانپارێزێت، ئەوانیش داوایان کردووە ئەو سێ خاڵە سەربازییە رادەست بکەن بۆ ئەوەى بیانپارێزن، لەکاتێکدا ئەو سێ خاڵە بەگوێرەى رێککەوتنى ئەمنى نێوان پێشمەرگە و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى نەینەوا لە سنوورى دەسەڵاتى پێشمەرگەدایە، بۆیە پێشمەرگە ویستوویەتی بەدەستى بهێنێتەوە."