وەزارەتى کاروبارى شەهیدان: وەزیری دارایی مووچەی زیندانی سیاسی وەرناگرێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری دەستبەرداری مووچەی زیندانی سیاسی بووە و تەنیا مووچەی وەزیرییەکەی وەردەگرێت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتەکەش دەڵێت: "بەپێی یاسا هەر کەسێک زیندانی سیاسی بووبێت و مووچەیەکی دیکەی هەبێت دەتوانێت تاوەکو 10 ساڵ هەردوو مووچەکە وەربگرێت و دوای ئەوە لە هەڵبژاردنی یەکێکیان سەرپشک دەکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە 26-10-2022، عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، کە زیندانی سیاسی بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند رۆژێکە قسە لەسەر ئەوە دەکرێت گوایە کاک ئاواتی شێخ جەناب واژۆی لەسەر مووچەی خۆی کردووە و مووچەی بۆ خۆی دیاریکردووە، بەڵام ئەو ناتوانێت مووچەی زیندانییە سیاسییەکەی وەربگرێت، چونکە بەپێی یاسای چاکسازی هەموو کەسێک تاوەکو 10 ساڵ دەتوانێت مووچەی زیندانی سیاسی وەربگرێت ئەگەر مووچەیەکی دیکەشی هەبێت، بەڵام کاک ئاوات مووچەی وەزیرییەکەی هەڵبژاردووە و دەستبەرداری مووچەی زیندانی سیاسی بووە."
 
عادل مەلا ساڵح گوتی: "ئێستا دووبارە لیستێک راگەیێندراوە، راستە ناوی لە لیستەکەدا هەیە و پشتڕاستکراوەتەوە زیندانی سیاسییە، بەڵام ئەو ناتوانێت مووچەی زیندانی سیاسی وەربگرێت."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، روونیکردەوە، دوای دەرچوونى یاسای چاکسازی ژمارە 2ـی ساڵى 2020 پێویستە ناوی سەرجەم زیندانییانى سیاسی وردبینی و پێداچوونەوەى بۆ بکرێت و بە فلتەرى لیژنەکانى چاکسازیدا تێپەڕببن و پشتڕاست بکرێنەوە، هەر بەپێی یاساى چاکسازى هەر زیندانێکى سیاسی لەپاش 10 ساڵ بۆى هەیە یەک مووچە یان (مینحە) وەربگرن، واتا ئەگەر مووچەیەکی دیکەی هەبێت ناتوانێت ئەو مینحەیەى زیندانى سیاسی وەربگرێت، لە پاش وەرگرتنى رەزامەندیی ئەنجوومەنى وەزیران و پشتڕاستکردنەوەیان تەنیا بۆ ئەوانە خەرج دەکرێت کە هیچ مووچە و منحەى دیکەیان نییە.
 
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەو پرسەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا بابەتەکە باسکرا، وەزارەتەکە لە نێوەڕۆکی روونکردنەوەکەدا دەڵێت: "بەڕێز(ئاوات شێخ جەناب یەکێک بووە لەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانەى کە ماوەیەکى تەمەنى لە زیندانەکانى بەعسدا بەسەر بردووە، ئەو هەواڵە چەواشەکارانەیەش کە بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە و بەڕێزیان هیچ مووچەیەکى زیندانى سیاسى وەرناگرێت."
 
روونکردنەوەکەی ئەو وەزارەتە لە کاتێکدایە دوو رۆژ لەمەوبەر لیستێکی دیکەی زیندانییانی سیاسی بڵاوکردەوە، کە ناوی 578 زیندانی سیاسی تێدایە. ئەو کەسانە کە هیچ مووچەیەکیان نییە، بڕیاردراوە مینجەی زیندانی سیاسییان بۆ خەرج بکرێت.