کشتوکاڵی کرماشان: ئەم ساڵ بەرهەمی چەوەندەر دەگاتە سەرووی یەک ملیۆن تۆن
رووداو دیجیتاڵ
کشتوکاڵی کرماشان دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ بەرهەمی چەوەندەر لە سنووری ئەو پارێزگایە 21% زیاتر بێت و بگاتە سەرووی یەک ملیۆن تۆن.
فەرهاد شەریفی، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کرماشان بۆ کاروباری باشترکردنی بەرهەمە رووەکییەکان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەم ساڵ رووبەری 14 هەزار و 310 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کرماشان بە چەوەندەر چێندراوە، کە بەراورد بە پار 16% زیادی کردووە.
بە گوتەی فەرهاد شەریفی، ئەم ساڵ لە کرماشان تێکڕای بەرهەمی چەوەندەر لە هێکتارێکدا نزیکەی 70 تۆنە کە بەراورد بە پار سێ تۆن زیادیکردووە و پێشبینی دەکەن، بەرهەمی ئەم ساڵیان سەرووی یەک ملیۆن تۆن بێت.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەشکرد: ئەو چەوەندەرەی لە کرماشان بەرهەم دەهێندرێت، بەشێکی رادەستی کارگەکانی بەرهەمهێنانی شەکر لە شارەکانی بێستۆن و ئیسلامئاوا (شائاباد) دەکرێت و بەشێکی دیکەی رەوانەی پارێزگاکانی دیکە دەکرێت.
ساڵی رابردوو رووبەری 12 هەزار و 327 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کرماشان بە چەوەندەر چێندرابوو و بەرهەمەکەی گەیشتە زیاتر لە 826 هەزار تۆن.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ ئەم ساڵ هەر تۆنێک چەوەندەر لەنێوان سێ ملیۆن و 900 هەزار تمەن تاوەکو چوار ملیۆن و 100 هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێت.