بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوو نیڤشکان خۆیان بەربژێر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوو نیڤشکان خۆیان بەربژێر کردووە و یەکێکیان وەکو سەربەخۆ و ئەوەی دیکەیان بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە.
رۆژی چوارشەممە 26ی ئەیلوولی 2024، سامان حوسێن، کە بە "سامانی کەمئەندامان" ناسراوە و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا خۆی بەربژێر کردووە. بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ''من بەبێ پشتیوانی هیچ لایەنێک خۆم بەربژێر کردووە و بەرنامەی کاری داهاتووم دوور لە سیاسەت و ململانێ دەبێت و تەنیا بۆ سێ چین کار دەکەم."
سامان حوسێن دەڵێت: ''کار بۆ ئەوە دەکەم مووچەی کەمئەندامان زیاد بکرێت، کردنەوەی دەرگەی ناوتۆمارکردن بۆ کەمئەندامی نوێ و هەروەها داوای مووچە بۆ بێوەژن و پەککەوتووان دەکەم''.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''هەر کەسێک مەرجەکانی بەربژێربوونی تێدابێت، مافی ئەوەی هەیە وەکو هەر کەسێکی دیکە خۆی بەربژێر بکات، ئێمە ئەو مافە بەو کەسانە دەدەین تاوەکو بتوانن نوێنەرایەتیی ئەو کەسانە بکەن کە متمانەیان پێیانە''.
دالیا دەشتی دزەیی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە و نیڤشکانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''من ساڵانێکی زۆرە خزمەت دەکەم لە بواری دەروونی و مافی مرۆڤ، لە دوای تەمەنێکی زۆری کارکردن گەیشتم بەو بڕوایەی کە زۆر شت بە یاسا نەبێت چارەسەر ناکرێت.''
دالیا دزەیی، چاوی لەوەیە ئەگەر سەرکەوتوو بێت "لە لیژنەی کۆمەڵایەتی خزمەت بە نیڤشکان بکات."
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ''هیچ بەربەستێک نییە بۆ ئەو کەسانەی کەمئەندامن کە خۆیان بەربژێر بکەن، چونکە گرنگ ئەوەیە توانای قسەکردنی هەبێت و بەڵگەنامەکانی گرفتیان نەبێت و ئەو مەرجانەی تێدابێت کە کۆمیسیۆن دیاری کردوون''.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەزار و 191 کەس کە پێکهاتوون لە 823 پیاو و 368 ژن، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان بەربژێر کردووە، کە پێنجیان کۆتای تورکمان و کریستیانن. 38 کەسیش خۆیان بۆ پێنج کورسییەکانی کۆتا بەربژێر کردووە کە 20یان تورکمان و 18یان کریستیانن.