لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئەرزینگان سێ کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەرزینگان ـی باکووری کوردستان، لە ئەنجامی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێک و بارهەڵگرێکدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئەیلوول لەسەر رێگەی سەرەکیی ناوەندیی شاری ئەرزینگان و شارۆچکەی گێرجانس روویدا.
شوفێری ئۆتۆمبێلێک بەناوی رەمەزان ج. کە تەمەنی 44 ساڵە لە دواوە خۆی کێشا بە بارهەڵگرێکدا. لە رووداوەکەدا رەمەزان ج. و سەمیحە ج. کە تەمەنی 14 ساڵە لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا.
لە نێو هەمان ئۆتۆمبێلدا منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ و ژنێكی تەمەن 39 ساڵ بە ناوی مەلیکە ج. لەگەڵ کەسێكی دیکەدا کە پێدەچێت ئەندامی یەک خێزان بن برینداربوون.
دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی و بەرگریی شارستانی، بریندارەکان گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شارۆچکەی گێرجانس.
هەچەندە پزیشکیان هەوڵی چارەسەرکردنیان دا، بەڵام مەلیکە ج. لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی زانیارییەکان دۆخی تەندروستیی دوو بریندارەکەی دیکە جێگیرە.
بە گوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە ئابی ئەم ساڵدا 57 هەزار و 783 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە. لە رووداوانەدا 304 کەس گیانیان لەدەستداوە و 40 هەزار و 321 کەس برینداربوون.
لە سەرەتای ساڵیشەوە 402 هەزار و 843 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و هەزار و 837 کەس گیانیان لەدەستداوە و 256 هەزار و 83 کەس برینداربوون.