پۆلیسی راپەڕین: کەسێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی ئەوەی هەڕەشەی لە ژنان کردووە کە وێنە و ڤیدیۆیان بڵاودەکاتەوە.
رۆژی سیشەممە، 26-09-2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، "دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە بنکەی قەڵادزێ سکاڵای تۆمارکرد کە لەلایەن کەسێکەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لێکراوە، دەستبەجێ رێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچوو."
بەگوتەی پۆلیسی راپەڕین، دوای دیاریکردنی شوێنی تۆمەتبار، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی قەڵادزێ بە هاوکاریی بنکەی پۆلیسی سەرچنار تۆمەتبارێکیان لەناو شاری سلێمانی دەستگیرکرد، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و گوتوویەتی: لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە هەڕەشەی لەو ئافرەتە کردووە'.
دادوەر بە ماددەی دوو له یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ئەو کەسەی راگرتووە. پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، "تۆمەتبار بە هەمان ماددە لە بنکەی پۆلیسی راپەڕین لە شاری سلێمانی پێشینەی هەیە."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەو کەسانەی بە مادەی دووی یاسای خراپبەکارهێنانی مۆبایل دەستگیر دەکرێن، ئەگەر کەسی سکاڵاکار لێی خۆش بێت ئەوە دادوەر ئازادی دەکات، یاخود دادوەر خۆی بە کەفالەت بڕیاری ئازادکردنی دەدات، بەڵام ئەو کەسەی ئازاد دەکرێت ئەگەر بێت و هەمان شت دووبارە بکاتەوە ئەوە دادوەر چیدی بە کەفالەتیش ئازادی ناکات."