دوای دوو هەفتە لە بایکۆت بەشێک لە پزیشکانی گەنج گەڕانەوە نەخۆشخانەکان
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی دوو هەفتە لە بایکۆتکردنی ناوەندە تەندروستییەکان، پزیشکانی گەنج گەڕانەوە سەر کارەکانیان. نوێنەرێکی پزیشکانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "پزیشکان گەڕاونەتەوە بەشە گەرمەکان و شەممەی داهاتوو دەگەڕێنەوە بەشە ساردەکانیش." بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێت: "پزیشکانی گەنج گەڕاونەتەوە شوێنە گەرمەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری گەڕانەوە بۆ شوێنە ساردەکان نەدراوە."
رۆژی سێشەممە، 26-09-2023، شڤان کوردە، نوێنەرێکی پزیشکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای وەرگرتنی مووچە، دەوام ئاسایی بووەتەوە. پزیشکانی ناو شار لەسەر کارن، بەڵام لە ناوەندە تەندروستییەکان نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکان واتا ئەوانەی کە دەوامی نەخۆشیی ساردی تێدا دەکرێت و حاڵەتی فریاکەوتنی تێدا نییە."
بە گوتەی شڤان کوردە، پزیشکانی نیشتەجێ خولاو بایکۆتی نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکانیشیان کردبوو، تەنیا چەند پزیشکێکی پایە بڵند لە فریاکەوتنەکان هەبوون. دەشڵێت: "ئێستا پزیشکانی نیشتەجێ خولاو گەڕاونەتەوە فریاکەوتنەکان و شوێنە گەرمەکان."
ئەو نوێنەرەی پزیشکانی سنووری پارێزگای سلێمانی گوتیشی: "رۆژی شەممە بەشی نەشتەرگەریی ساردیش دەستپێدەکەینەوە کە ئەو بەشە لە نەخۆشخانەکان راگیرابوون."
لە گەرمیانیش پزیشکان گەڕاونەتەوە بەشی فریاکەوتن و بەشە گەرمەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەی گەڕانەوە بۆ بەشە ساردەکان نەدراوە.
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند: "لە دوێنێوە کە مووچەی تەندروستی دابەشکرا سەردانی زۆربەی ناوەندە تەندروستییەکانم کردووە و لەگەڵ پزیشکان و بەرپرسانی تەندروستی کۆبوومەتەوە، ئەوەی هەیە بەشی فریاکەوتنەکان و منداڵبوون بە پزیشک و کارمەند هەمووی دەوام دەکەن و لەسەر کارن. پزیشکانی گەنج بایکۆتیان کردبوو ئەوانیش گەڕانەتەوە، بەڵام تەنیا لە شوێنە گەرمەکانن."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان داوا لە پزیشکان دەکات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و دەشڵێت: "پزیشکە گەنجەکان هێشتا لە شوێنە ساردەکان نابینرێن و بایکۆتیان کردووە، تاوەکو ئێستا لە مەڵبەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەی گشتی کەلاریش کارناکەن. بۆ بڕیاری کۆتایی و گەڕانەوە بۆ سەرجەم ناوەندە تەندروستییەکان بە سەرجەم بەشەکانییەوە چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی سەندیکای پزیشکانن کە هەفتەی داهاتوو لەوبارەوە کۆدەبنەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەن."
رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2023، بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت، لە سەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی، بنکە، مەڵبەند، سەنتەرە تەندروستییەکان، نەخۆشخانەکان و سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆت راگەیێندرا.