سەندیکاکانی کرێکاران: ئەمساڵ 32 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک 32 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان کرێکاری بیانین. بە گوتەی بەرپرسانی سەندیکای کرێکارانیش، زۆربەی ئەو کرێکارانە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی سێشەممە، 26-09-2023 یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەمساڵ لە هەولێر هەشت کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە چواریان کرێکاری بیانی و چواریشیان خۆماڵین، 15 کرێکاریش لە کاتی کارکردن بریندار بوونە، کە 11ـەیان بیانی و چواریشیان خۆماڵین."
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران دەڵێت: "لە بەڕێوەبەرایەتیی کاری هەولێر یەک لیژنەی سەلامەتی پیشەیی هەیە سەردانی پڕۆژەکان دەکات، چەندینجار داوامان کردووە ئەو لیژنەیە زیادبکرێت. لە بنەڕەتیشدا دەبێت پڕۆژەکان مۆڵەتیان پێنەدرێت تاوەکو لیژنەی سەلامەتی سەردانی دەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی لیژنە چاودێری بکات مۆڵەتیان پێدەدرێت."
بە گوتەی یوسف کەریم، یەک لیژنە ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەو هەموو پڕۆژانەی نێو شاری هەولێر بکات. گوتیشی بەپێی بەدواداچوونەکانیان زۆربەی رووداوەکانی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران لە کەرتی بیناسازییە.
لە سلێمانی 18 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئەمساڵ تائێستا 18 کرێکار لە کاری کارکردن گیانیان لەدەستداوە، لەو 18 کەسە 10 کرێکاریان بیانین." نیوەی ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە، لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کەوتوونەتە خوارەوە.
بە گوتەی سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران، زۆربەی ئەو کرێکارانەی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون گیان لەدەستدەدەن بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتییە. دەشڵێت: "5٪ خاوەن کارەکان پابەندن بە مەرجی سەلامەتییەوە، ئەوانەش کۆمپانیا هەرە زەبەلاحەکانن بۆ ئەوەی تووشی گرفت نەبن پابەندن."
چالاک رەئوف، لەبارەی مەرجی سەلامەتی ئاماژەی بەوەکرد، زۆرجار خاوەن پڕۆژەکان لە کۆمپانیاکان ناپرسن چەند کرێکارت هێناوە و پابەندی مەرجەکانن یاخود نا، بە پێچەوانەشەوە پڕۆژە هەیە پابەندە بە هەموو مەرجەکانی کارکردن، بەڵام کرێکار پابەند نەبووە پێی.
نزیکەی 100 هەزار کرێکار لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری لە بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ناویان تۆمارکراوە، چالاک رەئوف دەڵێت: "بەڵام ژمارەی کرێکار لەوە زیاترە، چونکە ژمارەکە بەردەوام دەگۆڕدرێت. ژمارەیەکی زۆری کرێکاری نایاسایش هەن کە ناویان تۆمارنەکراوە و هێزی کاری ناوخۆ بەتایبەتی بیناسازییان لاواز کردووە."
لەبارەی لیژنەکانی چاودێر، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێت: "لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی چوار لیژنەی هاوبەشمان هەیە کە سەندیکا و بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتییە و سەر بە وەزارەتی کارن، ئەم لیژنانە تایبەتن بەوانەی ناوی کرێکاران تۆماردەکەن بۆ ئەوەی لە دەستەبەر ناویان هەبێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی بەکارخستن کە سەر بە وەزارەتی کارە، پێویستە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە چەندین لیژنەی جۆراوجۆری بۆ بەدواداچوون هەبێت، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لیژنەی نییە تەنیا نوێنەریان لە قایمقامیەت هەیە."
لە دهۆک شەش کرێکار گیانیان لەدەستداوە
وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دهۆک شەش کرێکار [لەکاتی کارکردندا] گیانیان لەدەستداوە کە یەک کرێکار بیانیان بووە، هەشت کرێکاریش لە کاتی کارکردن برینداربوون."
بەگوتەی سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران، زۆربەی رووداوەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بیناسازین و دەشڵێت: "پێویستە لیژنەکانی بەدواداچوون فروانتر بکرێت بۆ ئەوەی چاودێری پڕۆژەکان بکەن هاوکات سەلامەتی کاریش وەکو پێویست نییە."