بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: هیچ نووسراوێک نەهاتووە داوا بکات مووچەمان بخرێتە سەر بەغدا
هەولێر دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چاودێریی دارایی عێراق داوای کردووە مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک بگوازرێتەوە سەر عێراق. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیش لە کەرکووک دەڵێت، "بەغدا رازی نییە میلاکی خوێندنی کوردی بچێتە سەر عێراق".
ئەمڕۆ 26-8-2024، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "گواستنەوەی میلاکی مامۆستایان و کارمەندانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بۆسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵ لەو دۆسیانە بووە کارم لەسەری کردووە. 8-1-2023 داوام کرد مووچەی کارمەندانی خوێندنی کوردیی کەرکووک بخرێتە سەر عێراق، بەڵام ئەوکات حکومەتی عێراق رازی نەبوو. ئێستا عێراق بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئەگەر مووچەی هەموو هەرێمی کوردستان بدات، بۆچی خۆیشی مووچەی ئەو توێژەی کەرکووک نەدات؟"
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "لە کارنامەی پێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراقدا هاتووە، کارمەندانی خوێندنی کوردیی پارێزگای کەرکووک بخرێنە سەر عێراق"، هەربۆیە ئەو بابەتە ئاساییە.
هەر لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ کامەران عەلی حەسەن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، ئەوانیش هاوشێوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە.
سۆران عومەر گوتی، "کارمەندانی خوێندنی کوردیی پارێزگای کەرکووک مووچەیان نەبڕاوە، بەڵكو چاودێریی دارایی عێراق داوایكردووە بگوازرێنەوە سەر عێراق".
بەڵام بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی، "مانگانە زیاتر لە 6 ملیار دینار خەرجیی مووچەمانە. نەناردنی مووچە بابەتێکی سیاسییە و هیچ نووسراوێکیشمان لە چاودێریی دارایی عێراقەوە بەدەستنەگەیشتووە کە داوای کردبێت مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی زمانی کوردی لە کەرکووک بخرێنە سەر عێراق".
لەبارەی ژمارەی مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، کامەران عەلی حەسەن گوتی، "ژمارەیان نزیکەی 8 هەزار کەسە و هەموویشیان بایۆمەترییان کردووە و فەرمانبەری هەرێمی کوردستانن".