بەڕێوەبەرێکی گشتیی پەروەردە: وانەبێژانی کەرتی تایبەت دانامەزرێن
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان وانەبێژانی کەرتی گشتیی دەکاتە گرێبەست. بەرپرسێکی پەروەردە دەڵێت، بەگرێبەستکردن مامۆستایانی کەرتی تایبەت ناگرێتەوە.
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا ئەو مامۆستایانە دەکرێنە گرێبەست کە لە کەرتی گشتیی دەوام دەکەن".
دارا ئەحمەد گوتی: "کاتی خۆی فۆڕمی وانەبێژی دابەش دەکرا، ئەو مامۆستایانە زۆرینەیان خۆیان پڕیان نەکردووەتەوە و کەرتی تایبەتیان هەڵبژاردووە".
دوێنێ نوێنەرانی وانەبێژان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزیری پەروەردە رایگەیاند، تەواوی وانەبێژان دەکرێنە گرێبەست.
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لەو نوێنەرانەی وانەبێژانە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ بەشدار بوو، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "ئەو وانەبێژانەی لە ساڵی 2024 بۆ 2025 دانراونەتەوە دەکرێنە گرێبەست".
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی پەروەردە، ژمارەی وانەبێژان نزیکەی 38 هەزار کەسە.
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، وەزیری پەروەردە گوتوویەتی، لە داهاتوودا دۆسێ بۆ ئەو وانەبێژانەش دەکەنەوە ساڵانی رابردوو خزمەتیان کردووە.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، پارەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانی وانەبێژان، مانگانە 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
ئەگەر وانەبێژان بکرێنە گرێبەست شایستە داراییەکانیان زیاتر دەبێت و مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 18 ملیار دیناریان دەبێت.