پۆلیسی سلێمانی: نۆ کەس لە سەیدسادق دەبێتە شەڕیان و پێنجیان بریندار دەبن
رووداو دیجیتاڵ
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەیدسادق شەڕ لە نێوان نۆ کەسدا دروستبووە. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، "شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە."
رۆژی شەممە 26-08-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی شەڕەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی شەڕیان کردووە ژمارەیان نۆ کەس بووە، ئەوانە قەرەجەکانن کە زۆربەیان عەرەبن، لە نێوانی خۆیاندا کێشەیان هەبووە و بە بەرد، بۆکس، خەنجەر و چەقۆ لەیەکیان داوە."
بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، بەهۆی شەڕەکەوە پێنج کەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون کە بەشێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیانیش هەیە. ئەوانی دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە و هەر لەوێ دەستگیرکراون، ئەوەی دەستگیریش نەکرابێت ئەگەر فەرمانی گرتنی هەبێت، دەستگیردەکرێت.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، "شەڕەکە لە نێوانی خۆیان و بەهۆی کێشەیەکی نێوانی خۆیان هەڵیانکوتاوەتە سەر یەکدی، ئەوانە لە سلێمانیش بەهۆی کێشەی کۆنی نێوانی خۆیان بەشەڕهاتوون، کە لە سەیدسادق یەکتر دەبینن دەبێتەوە شەڕیان، یەکێک لە لایەنی شەڕەکە بەهۆی کێشەوە لە سەیدسادق ژیاوە."