شۆفێرێکی بێ مۆڵەت بە خێرایی زیاتر لە 160 کم لە کاژێرێکدا لە کرێکارێک دەدات و هەردووکیان گیان لەدەستدەدەن

رووداو دیجیتاڵ

کرێکارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای گەڕانەوە لە کارەکەی، لە هەولێر بووە قوربانیی رووداوێکی هاتووچۆ و گیانی لەدەستدا، ئەو کەسەی بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی پێدا کێشا، مێرمنداڵێک بوو کە بەخێرایی زیاتر لە 160 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا ئۆتۆمبێلی لێدەخوڕی؛ لەو رووداوەدا مێرمنداڵەکەش گیانی لەدەستدا.
 
چۆنییەتی روودانی رووداوەکە لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت شۆفێرەکە بە ئۆتۆمبێلێکی تویۆتا پیکئاب بە خێراییەکی زۆر لەسەر هێڵی پەڕینەوە لە کەسێک دەدات و دەستبەجێ دەیکوژێت.
 
کرێکارەکە ناوی موتەڵیب تاجەدین ڤەهجەتییە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی 30 ساڵ بوو. شوفێرێکەش مێرمنداڵێکە بە ناوی مەنسوور رەمەزان کە تەمەنی هێشتا نەبووەتە 18 ساڵ و مۆڵەتی شوفێریی نەبووە.
 
موتەڵیب خەڵکی سەڵماسە، باوکی منداڵێک بوو و دوو ساڵ بوو لە هەولێر کرێکاری دەکرد، هاوپیشەیەکی چیرۆکی رووداوەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە.
 
حوسێن خوسرەوی، هاوپیشەی موتەڵیب دەڵێ "شەو کاژێر نزیکەی 01:30 بۆ 02:00 بوو، موتەڵیب لەگەڵ یەک دوو برادەری ئێمە دەهاتنەوە، ئەو هاتبوو پێپسییەک بکڕێت و دەیویست بگەڕێتەوە هۆتێل، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە بەرەڕووی هاتووە، خێرایی زۆر بووە و گەیشتووەتە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، لێرە لێیداوە و بۆ ئەولای بردووە." 
 
رووداوەکە لە شەقامی کورانی مەخموور لە هەولێر روویداوە، لە دیمەنەکانی دوای رووداوەکەدا دەردەکەوێت، دوای خۆکێشان بە موتەڵیب، شوفێرە مێرمنداڵەکە خۆی دەکێشێت بە شۆستەی نێوەڕاستی شەقامەکە و لەکۆتاییدا بە ستوونێکی رووناکی و لە بنەوە هەڵیدەتەکێنێت.
 
هەر لە رووداوەکەدا چوار مێرمنداڵی دیکە لەنێو پیکئابەکە، بریندار بوون، کە تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 16 ساڵانە و خوشک و برا و خزمی مەنسوور رەمەزانی شۆفێرەکەن. 
 
لە هێڵکاریی پۆلیسی هاتووچۆدا دەرکەوتووە، شۆفێرەکە بە خێرایی 160 بۆ 200 کم لەکاژێرێکدا ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە، لەکاتێکدا خێرایی دیاریکراوی شەقامەکە 60 کم لە کاژێرێکدا.
 
عەقید فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر دەڵێ "ناکرێت بڵێن منداڵەکان سویچیان دزیوە، زۆر گوێمان لە (بیانووی) سویچ دزین دەبێت، چونکە ئەو لێخوڕینە، هی یەکەمین جار نییە، کەسێک ئەگەر یەکەمینجاری بێت و کۆنترۆڵ لەدەستبدات، ئەوا دەڵێین سویچەکەی دزیوە".
 
لەماوەی هەفتەیەکدا، لە هەرێمی کوردستان 14 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 38 کەسیش برینداربوون.