لە دیلۆکی باکووری کوردستان 38 کۆچبەر دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، 38 کۆچبەر دەستگیرکران و دوو کەسیش بەتۆمەتی قاچاخچیێتی بە کۆچبەران خرانە زیندانەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێك، کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26ـی تەمموزی 2023) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی دیلۆک بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانی دەروازە سنوورییەکان و هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچیێتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگا لە شارۆچکەی نورداغی لەنێو دوو ئۆتۆمبێلدا 38 کۆچبەریان دەستگیرکردووە، کە بە نایاسایی چوونەتە ئەو پارێزگایە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کۆچبەرەکان بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان رادەستی یەکە پەیوەندیدارەکان کراون. دوو کەسیش کە بەتۆمەتی قاچاخچیێتی بەو کۆچبەرانە دەستبەسەرکراون، دراونەتە دادگە و بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە.
سەبارەت بەوەی کۆچبەرەکان خەڵکی کوێن و بۆ کوێ دیپۆرت دەکرێنەوە، لە راگەیەندراوەکەدا هیچ روونکردنەوەیەک نەدراوە.
بەگوێرەی داتاکانی سهرۆكایهتیى فهرمانگهى كۆچ، کە سهر به وهزارهتى ناوخۆى توركیایە و لە 20ـی ئایاری 2023 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە رێگری لە 93 هەزار و 148 کۆچبەر کراوە بچنە نێو خاکی تورکیا و باکووری کوردستان.
بەگوێرەی هەمان داتا، ئەمساڵ لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان 40 هەزار و 480 کۆچبەر دەستبەسەرکراون و لەو ژمارەیە 37 هەزار و 785 کۆچبەر دیپۆرتکراونەتەوە و سنوورداش کراون. لە ساڵی 2016ـەوە 487 هەزار و 735 کۆچبەر دیپۆرتکراونەتەوە و سنوورداش کراون.