وەزارەتی کشتوکاڵ: رێکخستنەوە بۆ کەرتی پەلەوەری دەکەین و هەرکەس پابەند نەبێت سزا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، "کۆمپانیایەک لە بەغدا دامەزراوە کە دەتوانێت گۆشتی مریشک بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق دابین بکات و خواستی بازاڕیان پڕبکاتەوە، لەکاتێکدا ئێمە 70٪ـی بەرهەممان رەوانەی عێراق دەکرێت؛ بۆیە ئەگەر کەرتەکەمان رێکنەخرێتەوە لەنێودەچێت."
بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ئەو کۆمپانیا پڕۆژەیەکی گەورەیە و دوو ساڵە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام ناتوانێت هەموو خواستی بازاڕی عێراق پڕبکاتەوە."
رۆژی چوارشەممە 26-07-2023، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەغدا کۆمپانیایەکی گەورە بە ناوی ئیتیحاد کراوەتەوە، کە سۆیا، رۆن و ئالیکی هەموو عێراق بە 20 هەزار تۆن دابین دەکات و 100 دۆلاریش بە 132 هەزار دینار بۆیان دەگۆڕنەوە؛ تێچووی کیلۆیەک مریشک لەو کۆمپانیایە بە 1500 بۆ 1600 دینارە چونکە گومرگیش نادەن. ئەو پڕۆژەیە کاریگەری لەسەر بازاڕی ئێمەش دەبێت."
لەبارەی کاریگەری ئەو کۆمپانیایەی لە عێراق دادەمەزرێت، نازم عەبدوڵڵا گوتی، "ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراقیش بەرهەم دابین دەکەن و نزیکەی 70٪ـی بەرهەممان ئاراستەی ئەوێ دەکەین؛ بۆیە ئەگەر ئەم کەرتەی ئێمە رێکنەخرێتەوە و دانانەوەی جوجەڵە لە هۆڵەکان بە پلان و خشتە نەبێت، ئەوە کەرتەکە هەمووی لەنێودەچێت."
پێویستی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان ساڵانە 145 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە. سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، "ئێستا بەرهەممان نزیکەی 400 هەزار تۆنە، بۆیە دەبێت خشتە دابنرێت بۆ ئەوەی خاوەن پەلەوەرخانەکان زەرەر نەکەن، چونکە لێرە گومرگ دەدرێت و هەموو شتێک گرانە، بەڵام کۆمپانیای ئیتیحاد هەموو شتێک لە دەرەوە و بێ گومرگ دەهێنێت؛ بۆیە نرخی کەمترە و ئەوەش بۆ بازاڕی ئێمە خراپە."
دوێنێ شەو کیلۆیەک گۆشتی مریشک لە هۆڵەکان بە 2100 فرۆشراوە. سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان دەشڵێت، "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ قسەمان کردووە بۆ ئەوەی دانانەوەی جوجەڵە لە هۆڵەکان بکرێتە پلان و بە گوێرەی پێویستی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بێت."
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "کۆمپانیای ئیتیحاد ماوەی دوو ساڵە کاری بۆ دەکرێت و پڕۆژەیەکی گەورەیە، بەڵام کاریگەری نابێت لەسەر هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو 70٪ـی ئێمە رەوانەی بازاڕەکانی خواروو و نێوەڕاستی دەکەین پێداویستی 5٪ بۆ 10٪ـی بازاڕی عێراق پڕدەکاتەوە، چونکە عێراق ساڵانە یەک ملیۆن تۆن گۆشتی مریشکی پێویستە و ئێستا 25٪ـی خواستی خۆی پڕدەکاتەوە؛ بۆیە ئەو کۆمپانیایە ناتوانێت هەموو ئەو پێداویستییە پڕبکاتەوە، چونکە ئەوپەری توانای 10٪ـی پڕکردنەوەی خواستی بازاڕی هەیە."
بە گوتەی فیراس سدیق، بۆ رێکخستنەوەی کەرتی پەلەوەری، سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێکن لەبارەی دانانی خشتە بۆ هۆڵەکان بۆ ئەوەی ئەو کەرتە رێکبخرێتەوە و بەمنزیکانەش وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی لەوبارەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بکات؛ دەشڵێت، "رەنگە پلانی ئەوە دابنێین تاوەکو بازاڕ سەقامگیر دەبێت، مۆڵەت دان بە پڕۆژەی گۆشت و هێلکە رابگیرێت."
هەزار و 894 پڕۆژەی پەلەوەری و گۆشت لە هەرێمی کوردستان هەیە. فیراس سدیق دەڵێت، "چاودێریکردنی ئەوانە زەحمەتە، چونکە ژمارەیان زۆرە، بەڵام ئەوانە لە هەڵهێنەرەکان جوجەڵە وەردەگرن کە 57 هەڵهێنەرمان لە کوردستان هەیە، 31 لە هەولێر؛ 15 لە سلێمانی؛ 8 لە دهۆک و سێ لە گەرمیانە. بەرنامەی ئێمە ئەوەیە ئەوانە رێکبخەین، چونکە کە هەڵهێنەرەکان رێکخران، ئەوە دەتوانین ئەو هەزار و 894 پڕۆژەیەش رێکبخەین."
لەبارەی پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی، "هەنگاوی یەکەم، لە ئاستی پارێزگاکان لیژنەیەک بۆ چاودێریکردنی هەڵهێنەرەکان پێکدەهێنین. یەکەم؛ دەبێت هێلکەکانیان لەرێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە هاوردەکردبێت؛ دووەم، خشتە دەدرێتە هەڵهێنەرەکان بۆ ئەوەی دیاری کرابێت کە کێ دەتوانێت بۆ ئەم مانگە دانانەوە بکات و هەر هەلهێنەرێک جوجەڵەی دا بە پڕژەکان ئەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوەش وا دەکات نەکەونە زەرەوە."