گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانیان. پرسی مووچە یەکێک دەبێت لە بابەتەکان کە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا کۆبوونەوە دەکەن."
رۆژی چوارشەممە 26-07-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو شاندەی دەچێتەوە هەمان شاندی پێشترە. هەر ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراقی دەستپێدەکات."
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران، پێشەوا هەورامانی گوتی، "ئەوە یەکێک دەبێت لەو پرسانەی لە سەردانەکەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت."
لەبارەی بەشداریکردنی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "ئەوەی دەچێتە بەغدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرە گشتییەکانە کە یەکێتیشی تێدایە."
لە رێگەی هەژماری خۆی لە فەیسبووک، پێشەوا هەورامانی گوتی، گەڕانەوەی شاندەکە لە ئەنجامی پەیوەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە.
هەفتەی رابردوو، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوون، دوای کۆبوونەوەکانیان رۆژی پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، ئومێد سهباح، سهرۆكی دیوانی ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی شاندەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رێکخست و گوتی، "لە بەغداین و لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوە بووین لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە. جەختمان لەسەر دوو بابەت کردووە؛ یەکەمیان: پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. دووەمیان، زامنکردنی بەشە بودجە و تێکڕای شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
رۆژی 24ـی ئەم مانگە، پێشەوا هەورامانی بە رووداوی گوت، "هەوڵی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە یاسای بودجەی عێراق زوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و رێنماییەکانی بڵاوبکرێنەوە و بۆ وەزارەتەکان بنێردرێت، چونکە لەو کاتەدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت کە لە چوارچێوەی ئەو شایستانە بابەتی مووچەی مانگانە دەبێت."
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.