تەرمی دوو کەس لە پارێزگای سنە دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

تەرمی دوو کەس لە شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژ‌هەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە و قایمقامی شارەکە دەڵێت، هەردووکیان بە چەک کوژراون، بەڵام هۆکارەکەی هێشتا نەزانراوە.
 
خەلیل فیعلەگەری، قایمقامی شاری قوروە رایگەیاند، دوو هاووڵاتی کە پێدەچێت کرێکاری کێلگەیەک بووبن بە شێوەیەکی گوماناوی لە کێڵگەیەکدا کوژراون.
 
کێڵگەکە کەوتووەتە نێوان سریش ئاوا و قوروە و هەردوو هاووڵاتییەکە "بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 25-7-2023 "بە چەک کوژراون."
 
قایمقامی شاری قوروە لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکان ئاماژەی بەوەکرد، ناوی یەکێکیان (م. گ)ـە و تەمەنی 61 ساڵە، ئەوی دیکەیان ناوی (ع. ر)ـە و تەمەنی 42 ساڵە. 
 
بە گوتەی قایمقامی شارەکە، خاوەنی کێڵگەکە ناوی (ع. م)ـە و بریندار بووە، ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.
 
خەلیل فیعلەگەری رایگەیاند، هێشتا هیچ کەسێک لەسەر ئەم رووداوە دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوە لەبارەی دەستیپێکردووە.