بافڵ تاڵەبانی و فازڵ میرانی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی دەستەی کارگێڕییی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەدان.
 
شاندی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ئەندامێتیی هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی؛ دەرباز كۆسرەت رەسووڵ، کارگێڕی مەکتەب سیاسی، سالار سەرحەد، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی و شاڵاو عەلی عەسكەری، کارگێڕی مەکتەب سیاسی یەکێتییە.
 
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەب سیاسیی پارتی و ئامادەبوونی هەریەک لە هۆشیار زێباری، سیداد بارزانی، مەحموود محەممەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەب سیاسیی پارتی و رێبوار یەڵدا، زاگرۆس فەتاح و فوئاد حوسێن، ئەندامانی مەکتەب سیاسیی پارتی.
 
کۆبوونەوەکە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە، بڕیارە شاندی یەکێتی و پارتی لەبارەی "لێکەوتەکانی دوای پەسندکردنی بودجەی عێراق، دۆخی سلێمانی، هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ دەکەن."
 
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 22-06-2023 هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتی، یەکێتی داوایکردووە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆببنەوە، ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئامادەییان دەربڕیوە.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە، رۆژی یەکشەممە 26-06-2023 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کرد.