قایمقامی سەیدسادق: سەرجەم شوێنە نایاساییەکانی سەربڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان تێکدران
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سەیدسادق رایگەیاند، سەرجەم "شوێنە نایاساییەکان"ی سەربڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان تێکدران، جگە لە سەربڕخانەی فەرمیی قەزاکە؛ هیچ شوێنێکی دیکە بۆ سەربڕینی ئاژەڵ نەماوە.
رۆژی دووشەممە، 26-06-2023، قایمقامێتیی سەیدسادق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییانی قەزاکەمان و رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، قایمقامـی قەزای سەیدسادق، لیژنە هاوبەشەکانی راسپارد بە تێکدان و لابردنی سەرجەم ئەو شوێنانەی کە بە شێوەیەکی ناتەندروست و بەبێ پشکنینی پزیشکی ڤێتێرنەری ئاژەڵ سەردەبڕن و گۆشتی ئاژەڵ لە ناوچەی پیشەسازی دووی سنووری سەیدسادق دەفرۆشن."
رەزا محەممەد، قایمقامی سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەردەوام "رێوشوێنی پێویست" گیراوەتەبەر، بەڵام تێبینییان کردبوو لە هەندێک شوێنی نافەرمی ئاژەڵ سەردەبڕدرێت، بۆیە هەر ئەمڕۆ لەلایەن لیژنەکانی قایمقامێتەوە ئەو شوێنە نافەرمییانە داخران و جارێکی دیکە ناکرێنەوە.
قایمقامی سەیدسادق گوتی: "ئێستا جگە لە سەربڕخانەی فەرمی، هیچ شوێنێکی نافەرمی سەربڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە قەزای سەیدسادق نەماوە".
بەگوێرەی قایمقامێتیی قەزای سەیدسادق، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون؛ رێکاری پێویست و یاسایی دەگرنەبەر بەرامبەر هەر کەسێک لەسەر شەقام و گەڕەک، کوچە، کۆڵانەکان ئاژەڵ سەرببڕێت و گۆشتەکەی بە هاووڵاتییان بفرۆشێت.
قایمقامێتیی قەزای سەیدسادق، داوا لە هاووڵاتییانی سنوورەکەیان دەکات لە جەژنی قوربان و کاتی قوربانیکردن بۆ خۆپارێزیی خۆیان، خێزان و هاووڵاتییان بەبێ پشکنینی پێشوەختەی پزیشکی ڤێتێرنەری و دڵنیابوونیان لە سەلامەتی و پاکی، ئاژەڵەکانیان سەرنەبڕن. گوتیشی، "پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان لە کیسی خۆڵ بکەن و لە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک دایبنێن و گۆشتەکەش زیاتر لە نیو کاژێر بکوڵێنن."
لەبارەی ژمارەی تووشبوانی تای خوێنبەربوون رۆژی دووشەممە، 26-06-2023، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا گوتی: "تاوەکو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق 865 گومانلێکراو هەبوون و 265ـیان پشتڕاستکراونەتەوە و 69 کەسیش بە نەخۆشییەکە مردوون. لە هەرێمی کوردستانیش 23 گومانلێکراو هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ یەکەم کەس لە سۆران بوو؛ دووەم لە خەلیفان؛ سێیەم لە مێرگەسۆر؛ چوارەم لە سەنتەری شاری هەولێر و دوایین کەس لە سنووری قەزای کۆیە گیانی لەدەستدا، کە خەڵکی گوندی سماقووڵی بوو."
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا رەنگە ببێتە هۆکاری مردن. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
بەگوتەی وەزیری تەندروستی، هەر کەسێک لە ماوەی سێ بۆ شەش رۆژ نیشانەکانی تێدا دەرکەوتن پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکات و دەڵێت، "ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆکاری خوێنبەربوون لە هەموو بەشەکانی لەشی مرۆڤ لەگەڵ تایەکی تووند و پێویستە لەو کاتانەدا راستەوخۆ نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، چونکە رێژەی مردن و پەککەوتن لە نەخۆشییەکە زۆرە؛ رێژەی مردن گەیشتووەتە 50٪ بۆ 60٪، بەڵام ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند زووتر سەردانی نەخۆشخانە دەکەیت؛ پەککەوتنیش بە مانای ئەوەیە رەنگە بەشێک لە ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە کاتی خوێنبەربوون تووشی لەکارکەوتن بن".