بەشێکی هاونیشتمانییان بەڕێگەیەکی نوێ کۆچ بۆ ئەڵمانیا دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

فێربوونی زمانی ئەڵمانی وەک رێگەیەک هەڵبژاردووە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر، رامی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵی پەنابەری رۆژئاوای کوردستانە لە هەولێر، کە بەهۆی بێکاری و مووچەی کەم، ماوەی مانگ و نێوێکە لەگەڵ 22 گەنجی دیکە لە سەنتەرێک دەستی بە فێربوونی زمانی ئەڵمانی کردووە، بۆ ئەوەی بەڕێگەیەکی یاسایی بڕواتە ئەڵمانیا لەوێ بژی و کار بکات.
 
رامی فەرحان، فێرخوازی زمانی ئەڵمانی قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "گوتم بە قاچاخ بڕۆم، پارەی زۆر دەوێت و پارەم هێندە نییە؛ داوای 18 بۆ 20 هەزار دۆلار دەکەن، بۆیە نەچووم و دەمەوێ بە فڕۆکە لەڕێگەی داواکاریی کار بڕۆم".
 
لە پاڵ رێگەی قاچاخ و مەترسیدار، ئێستا بەشێکی خەڵک روویان لە رێگەیەکی نوێ کردووە بۆ کۆچکردن، ئەویش کۆچکردنە بەهۆی خوێندنەوە بۆ ئەڵمانیا، کە مەرجی سەرەکیی ئەم جۆرە کۆچکردنەش، زانینی زمانی ئەڵمانییە بە ئاستێکی باش.
 
ئیبراهیم بایز، فێرخوازی زمانی ئەڵمانییە و دەڵێ "پاڵنەری سەرەکی من، کە من بمەوێ بڕۆم ئەوەیە لە ساڵی 2014ـەوە خوێندنم تەواو کردووە، نزیکەی 7 ساڵە کارمەندی گرێبەستم، مووچەی گرێبەستەکەم سوێند بەخوا مانگانە ناگاتە 400 هەزار دینار".
 
مامۆستا هەوراز ماوەی 8 ساڵە لە هەرێمی کوردستان خەڵک فێری زمانی ئەڵمانی دەکات و پەڕاویان بۆ ئامادەدەکات بۆ ئەوەی بە رێگەی خوێندن بگەنە ئەڵمانیا.
 
هەوراز حەمید، خاوەنی سەنتەری فێربوونی زمانی ئەڵمانی لە هەولێر دەڵێ "ساڵانە بە لای کەمەوە 40 بۆ 50 کەس دێن پرسیار دەکەن، کچەکان زیاتر بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی دەڕۆن و ناچارن زمانەکە فێربن، کوڕەکانیش زیاتر بۆ خوێندن". 
 
بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی خوێندن لە ئەڵمانیا، فێرخواز دەبێت پۆلی 12ـی تەواو کردبێت، بە 8 مانگ دەتوانێت 4 ئاستی زمان بخوێنێت، کە بە تێکڕا تێچووی هەموو پرۆسەکە نزیکەی 4 هەزار دۆلار دەبێت.