توێژەرێکی چاکسازیی گەورانی سلێمانی: لەنێو شووتی و کاڵەکەوە ماددەی هۆشبەر دەهاتە نێو زیندانەکان
رووداو دیجیتاڵ
دڵگەش، گەنجێکی تەمەن 38 ساڵە، بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە زۆر شتی لەدەستداوە، دەڵێت، "بەهۆی ئالوودەبوونم نەمتوانی لە پرسەی کۆچی دوایی باوکیشم بەشداریی بکەم."
دڵگەش شوکری، چالاکڤان گوتی، "کاتێک مرۆڤ ئالوودە دەبێت بە ماددەی هۆشبەر، ماددەکە پێی دەڵێت، یەکەم جار من بۆت گرنگم پاشان باوک و دایک و خوشک و برا گرنگن."
حەوت ساڵە دڵگەش وازی لە ماددەی هۆشبەر هێناوە، ئێستا جگە لەوەی چالاکڤانە، دەستیکردووەتەوە بە خوێندن و قوتابی پۆلی 11ـی ئامادەییە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە بەجۆرێک لە شەش مانگی ئەمساڵدا، لە هەولێر و دهۆک پێکەوە 999 کەس و سلێمانی 240 کەس دەستگیرکراون بەتۆمەتی بازرگانیکردن یان بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
هەروەها دەستگیراوە بەسەر، 132 کیلۆ و 729 گرام ماددەی هۆشبەر لەگەڵ 282 شیت و 136 پاکەت دەرمانی پزیشکی کە وەک ماددەی هۆشبەر بەکارهاتوون.
لە سلێمانی 76 کەس لە دەستگیرکراوەکان بازرگان بوون، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئاسایش، ئەفسەرێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسیش برینداربوون.
موقەدەم یاسین سەمیع، گوتەبێژی ئاسایشی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "هەندێک خەڵکی چاوچنۆک لە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵ دەدەن کە پەرە بە بڵاوکردنەوەی ئەو بازرگانییە بدەن، بەڵام ئێمە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بەردەوام چاوکراوەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردن و خستنە بەردەم یاسای ئەو تاوانبارانە."
لە گرتووخانەی چاکسازیی گەورانی سلێمانی 1200 کەس دەستگیرکراون، 600یان بەکارهێنەر و بازرگانی ماددی هۆشبەرن، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو چاکسازییە ژمارەیەک لەو زیندانیانە هەوڵی زۆریان داوە لەنێو زیندانیش ماددەی هۆشبەر پەیدابکەن.
هەستیار عەلی، توێژەر لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی باسی لەوە کرد، "پێشتر لە باینجان و شووتی و کاڵەک و شتی دیکەدا ماددەی هۆشبەر دەهاتە نێو زیندانەکانی چاکسازی، بەڵام ئێمە لە دوای ئەوەوە هێنانی هەموو شتیکمان لەلایەن کەسوکاریی زیندانییەکانەوە قەدەخەکرد، بەڵام لە راستیشدا لە هیچ شوێنێکی دونیادا ناتوانرێت بە تەواوەتی بوترێت رێگە بە دەستکەوتنی ماددەی هۆشبەر نادرێت لە زیندانەکان، چونکە زیندانییەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دەستکەوتنی ئەو ماددانە، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئێمە ژمارەیەکی زۆر زۆر کەم هەبووە کە لە زیندان ماددەی هۆشبەریان دەستکەوتبێت و بەکاریان هێنابێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە، بڕیاری دروستکردنی سەنتەری تایبەت لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان و هاوکاریکردنیان بۆ وازهێنانی یەکجاری لە ماددە هۆشبەرەکان دروست بووە بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.