گەنجان لایف؛ شوقەیەکی سەلامەت و کوالێتیی بەرز بۆ نیشتەجێبوون
رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی پڕۆژەی گەنجان لایف لە هەولێر، هەموو بەیانییەک بەبێ ئەوەی هیچ ئاگرێک کەوتبێتەوە، مەشق و راهێنان دەکەن تاوەکو لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا بتوانن زوو کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن.
شاخەوان تۆفیق، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی گەنجان سیتی بە رووداوی گوت، "سیستمی هەواکێشمان داناوە بۆ هەموو ژێرزەمینەکان و بۆ هەموو نهۆمەکان. هەروەها لە هەموو ژێرزەمینەکان سپرینکەرمان داناوە، لە دوای سپرینکەر و سیستمی هەواکێش، ئێمە هۆزاتیشمان داناوە، هەمووی سۆندەیە، یانی سۆندەیەک بۆ سۆندەیەکی دیکە دەگەنە یەکدی بۆ ئەوەی شەڕ لەگەڵ ئاگرەکە بکەن، بگرە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەشمان هەیە خۆمان."
گەنجان لایف کە بەشێکە لە پڕۆژەی گەنجان سیتی، دەکەوێتە سەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر، لە 17 باڵەخانەی نیشتەجێبوون پێکدێت و لە ساڵی 2020 دەست بە دروستکردنی 7 باڵەخانەی 22 نهۆمیی پڕۆژەکە کرا و بە نزیکەی دوو ساڵ هەر 7 یان تەواوبوون و ئێستا خەڵک لێیدەژین.
7 باڵەخانەی دیکەی 22 نهۆمیش بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت و رادەستی خاوەنەکانیان بکرێت، 3 باڵەخانەی دیکەش کە 32 نهۆمین، چەند مانگێکە دەست بە دروستکردنی کراوە، هەموو پڕۆژەکە لە 2281 یەکە پێکدێت.
یەکێک لە ئەندازیارەکانی پڕۆژەکە دەڵێت، لە دروستکردنی باڵەخانەکان ئەوان رەچاوی مەرجەکانی بوومەلەرزە و بەکارهێنانی کەرەستەی کوالێتیی بەرز دەکەن.
هیلال شەمسەدین، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە پڕۆژەی گەنجان لایف گوتی، "تاقیگەیەکی بیناسازیمان هەیە لەناو ئەو پڕۆژەیە، دەتوانین رۆژانە هەر کاتێک کە کۆنکرێت هەبێت لە هەمان رۆژ نموونە و سامپڵی بۆ وەردەگرین بۆ پشکنین، تەنانەت هەموو جارێک کاتێک کە شیش دێت بۆ پڕۆژەکە، نموونەی بۆ وەردەگرین تاوەکو تێست بکرێت."
شوقەکانی گەنجان لایف 3 جۆرن؛ یەک ژووری، دوو ژووری و سێ ژووری کە بچووکترینیان 93 مەترە و گەورەترینیان 206 مەترە. نرخی هەر مەترێک لە شوقەکانی گەنجان لایف لە 700 دۆلار تاوەکو 800 دۆلارە و جیا لە شێوازی کڕین بە کاش، سیستمی پارەدان بە قیستیشیان هەیە.