لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک لە دوو دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە دەدرێت
رووداو - کەرکووک
شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان دەرچووانی خۆپێشاندەر و پۆلیس و هێزەکانی چالاکیی مەدەنی لە کەرکووک دروستبوو. ژمارەیەک خۆپێشاندەر هەوڵی چوونە نێو کۆمپانیای نەوتی باکووریان دا، بەڵام ئەو هێزانەی لە شوێنی رووداوەکە بوون هێرشیان کردنە سەر و 12 کەس برینداربوون.
عومەر و محەمەد دووان لەو خۆپێشاندەرانەن کە هێزە ئەمنییەکان لێیانداون، دەڵێن "ئێمە هاتبووین بۆ داواکردنی مافەکانمان کەچی بەو جۆرە وەڵامدراینەوە".
عومەر عەبدوڵڵا، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاریی نەوت ئاماژە بەوە دەکات "ئێمە هێزە ئەمنییەکان لەسەر سەرمان دادەنێین، نە هەڵەیان کردووە و نە هیچ، تەنیا پاسەوانیمان دەکەن، بەڵام چەند کەسێکیان بەو جۆرە لێیانداین".
محەمەد جاسم، دەرچووی پەیمانگەی راهێنانی نەوتە و دەڵێت "ئێمە وەستابووین، چالاکی مەدەنی هێرشیان کردە سەرمان".
بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانیش عەمید کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک چووە نێو خۆپێشاندەران و رایگەیاند، سزای هەر کەسێک دەدرێت دەستدرێژی بکاتە سەر خەڵکی خۆپێشاندەر، رێگەش نادەن پەلاماری پۆلیس بدرێت و زیان بە دامودەزگاکان بگەیێندرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک دەڵێت "هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئەمان هاتوون تاوەکو گرژی و ئاڵۆزی دروستنەبێت، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو کەسێک دەکەین، بەڵام قبووڵیش ناکرێت ئەم گردبوونەوەیە ئاڵۆزیی تێبکەوێت و شکۆی پۆلیس و دامودەزگاکان بکەوێتە مەترسییەوە".
دەرچووەکان ژمارەیان هەزار و 253 کەسە، داواکارن لەسەر پشکی وەزارەتی نەوت دابمەزرێن، پێکدێن لە دەرچووانی کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی و کۆلێژی زانستی و پەیمانگەی نەوت.
هەژار جەبار، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی دەڵێت "نووسراوی فەرمی هەیە مانگانە 300 هەزارمان بۆ خەرجبکرێت، بەڵام دیارە لەلایەن کۆمپانیاوە خوراوە و گەندەڵیی تێدا کراوە". شەرمین کەریم، دەرچووی ئەندازیاری ئاماژە بەوە دەکات "داوای مافی سەرەتایی خۆمان دەکەین، سێ مانگ راهێنانمان پێ کرا، دواتر دەرکراین و دەنگۆ هەیە کەسانی دیکە بێنن بە واسیتە دایبنێن".
ماوەی چەند ساڵێکە دامەزراندنی راستەوخۆ لە کۆمپانیای نەوتی باکوور راگیراوە، بەردەوام دەرچووان خۆپێشاندان دەکەن تاوەکو ئەو مافەیان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت، بڕیارەکە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
لەلایەن کۆمپانیای نەوت رەزامەندی درا ماوەی سێ مانگ لەنێو کۆمپانیا راهێنان بکەن، مانگانە بڕی 300 هەزار دیناریان پێ دەدرێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک نەدراوەتە ئەو کەسانە.
رێبوار تەها، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "رەزامەندییان وەرگرتووە سێ مانگی دیکە راهێنان بکەنەوە و پێداگری دەکەن مافەکانی ئەو سێ مانگە و سێ مانگی داهاتووش وەربگرن، هاوکات رەزامەندیی وەزارەتی نەوت وەرگیراوە ئەم راهێنانە بکرێتە ئەزموون و لەبەرچاوبگیرێت بۆ دامەزراندنیان لە داهاتوو".