بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زیاتر لە 50 ژن و منداڵی رادەستی تاجیکستان کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر زیاتر لە 50 ژن و منداڵی رادەستی تاجیکستان کردەوە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.
17 ژن و 33 منداڵەکە هەموویان هاووڵاتیی تاجیکستان بوون، رادەستی شاندێک کرانەوە کە زوبەیدوڵڵا زوبەیدۆزا، باڵیۆزی تاجیکستان بۆ کوێت سەرکردایەتیی کردبوو.
مانگی سووری سووریا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، ئەو ژن و منداڵانە لە فڕۆکەخانەی قامشلۆوە گەڕێندرانەوە تاجیکستان بۆ ئەوەی "بە خێزانەکانیان شادببنەوە."
دوای ئەوەی کە لە حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش بەشێکی بەرفراوانی عێراق و سووریای کۆنترۆڵ کرد و خەلافەتی راگەیاند، هەزاران کەسی بیانی لە چەندین وڵاتەوە، لە نێویاندا لە تاجیکستانەوە، چوونە سووریا بۆ ئەوەی لە نێو داعشدا بژین و شەڕی بۆ بکەن.
دوای بەزاندنی داعش، زۆربەی ئەندامانی خێزانی چەکدارانی داعش لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان خرانە ژێر چاودێرییەوە.
گەڕاندنەوەی ئەم ئەندامانەی خێزانی چەکدارەکانی داعش بۆ تاجیکستان نزیکەی مانگێک دوای ئەوە دێت کە چوار چەکداری تاجیکی لە مۆسکۆ هێرشیان کردە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان و 144 کەسیان کوشت. داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
چوار چەکدارە تاجیکییەکەش دەستگیرکران.
لە چەند ساڵی رابردوودا، هەزاران کەس، کە زۆربەیان عێراقی بوون، لە کەمپی هۆڵ گوێزرانە دەرەوە.
ئەو کەمپە دەیان هەزار کەسی تێدایە، کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن و هەندێ پشتیوانکاری گرووپەکەشیان لەنێودایە.
پێشتر کەمەپەکە 73 هەزار کەسی تێدابوو. بە گوێرەی شێخمووس ئەحمەد، سەرپەرشتیاری کەمپەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئێستا ژمارەکە بۆ 43 هەزار کەس دابەزیوە.
لە گەرمەی شەڕی داعش، تاجیکستان رایگەیاندبوو کە زیاتر لە هەزار چەکدار لەو وڵاتەوە چوونەتە سووریا و عێراق بۆ ئەوەی لە ریزەکانی داعش شەڕ بکەن.
دیارترینیان ئەفسەرێکی هێزی تایبەتی تاجیکستان بوو بە ناوی گولمورۆد خالیمۆڤ کە ساڵی 2015 لە سوپا جیابووەوە و چووە سووریا. دواتر بووە یەکێک لە دیارترین فەرماندەکانی داعش. ساڵی 2017، سوپای رووسیا رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە دێرەزوور کوشتوویانە.
تاجیکستان لە ئایاری پاریش، 104 هاووڵاتیی خۆی گەڕاندنەوە، کە 31 ژن و 73 منداڵ بوون. پێرایرش 146 ژن و منداڵی گەڕاندبوونەوە.