لە ئامەد پۆلیسی گەشتیاریی فرە زمان دادەمەزرێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکانی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان پۆلیسی گەشتیاریی فرە زمان دادەمەزرێندرێن. ئامانج لێی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بەو گەشتیارە کورد و بیانییانەی تورکی نازانن.
بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگاکە دەڵێ، ئامەد ئیدی شارێكی گەشتییارییە، رێگە نادەن تۆڕ و گرووپی تاوانکاری گەشە بکات.
فاتح كایا، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئامەد ئاماژە بەوە دەکات، "لە دیاربەکر پۆلیسی گەشتیاری نییە، بەڵام تەقینەوەی گەشتیاری هەیە، بەم نزیکانە پۆلیسی گەشتیاریمان لە شوێنی گەشتیاری دەبینن، دەستمان بە کارکردن کردووە. ئەوان ژینگەی ئارامی و ئەمنی لێرە مسۆگەر دەکەن، لە هەمانکاتدا لە بابەتی گەشتیاریدا وەڵامی پێداویستیی گەشتیاران دەدەنەوە."
لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پۆلیسانەی بە کورمانجی و زازاکی، هەروەها بە زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی، عەرەبی، قسە دەکەن، بەناو شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکانی ئامەد دا دەسووڕێنەوە و خزمەتگوزاریی پێشکەش بە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی دەکەن.
"ئەگەر تورکی نازانێ، کوردی بزانێ، لەوانەیە لە گوندەوە هاتبێت، تورکی نەزانێت و زازاکی بزانێت. لەم ناوچەیەدا ئەم بابەتانە زۆر دێنە پێش. ئەو هاوڕێیانەمان کە لە داپیرەیەک هیچ تورکی نازانێ و مامێکمان کە تورکی نازانێ تێدەگەن، راهێنانیان پێ دەکەین. ئەوانیش لەگەڵ مرۆڤەکانی خۆیان قسە دەکەن." فاتیح کایا وا دەڵێت.
بەپێی دوایین ئامارەکانی گەشتوگوزار، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ئامەدیان کردووە.
ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان کە ساڵی رابردوو میوانداریی یەک ملیۆن و 253 گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی کرد، خۆی ئامادەکردووە ئەم ساڵ پێشوازی زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار بکات.