دوو رۆژە لە هەولێر مێرمنداڵێک لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە؛ 'کوڕەکەم بۆ بدۆزنەوە'

 
رووداو - هەولێر

دوو رۆژە خێزانێک بەدوای کوڕە تەمەن 14 ساڵانەکەیاندا دەگەڕێن، کە خەڵکی گەڕەکی دارەتووی هەولێرە، لە ماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە. 
 
سۆران سالار تەمەنی 14 ساڵە، شەوی 25ی نیسان کاژێر 09:30ی شەو لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تاوەکو ئێستا نادیارە. سێ کامێرای چاودێری لە گەڕەکەکەیان هەیە، بەڵام تەنیا یەک دیمەنیان دەستکەوتووە، کە تێیدا دەردەکەوێت لەگەڵ کەسێکی دیکە دەڕوات، بەڵام نازانن بۆ کوێ و لەگەڵ کێ رۆشتووە.
 
دایک و باوکی سۆران نیڤشکانن. باوکی دەڵێت، پارەیان پێداوە بچێتە مارکێتێک "کێک و ماست بهێنێت کات بوو بە کاژێر 10:00 نەهاتەوە، بوو بە کاژێر 11:00 هەر نەهاتەوە، کاژێر 11:30 دوو منداڵی دراوسێمان هەواڵیان بۆ هێناین، گوتیان، ئەو کوڕە نایەتەوە و تازە رۆیشت. چووینە لای ئاسایش و پۆلیس و نەخۆشخانەی رزگاری و نەخۆشخانەی فریاکەون، شوێن نەما لەو کوردستانە نەگەڕێین، ئەو کوڕەی من ون بووە."
 
سۆران سێ خوشک و چوار برای هەیە، کەسوکاری دەڵێن، کوڕەکەیان کێشەی نییە، بنکەی پۆلیسیشیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تائێستا چارەنووسی نادیارە. دایکی دەڵێت، کوڕەکەیان "نە مۆبایلی هەیە و نە چووەتە قوتابخانە، نە برادەری هەبووە و نە بە مێشکیدا هاتووە بڵێ بۆ کاژێرێک دەچمە ماڵە خزمێک، نەک جێیەکی دوور. داواکاریی من لە سەرۆکی حکومەتە، لە برایانی پۆلیس و ئاسایشە، هەموویان بێنە سەر هێڵ، لە دوێنێ شەوەوە کوڕەکەم بزرە، داوا لە هەموو لایەک دەکەم بگەڕێن و بۆم بدۆزنەوە."
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆی لە کامێرای چاودێریی ماڵێکەوە دەست ماڵی سۆران کەوتووە، کوڕەکەیان لەگەڵ مێرمنداڵێک دەردەکەوێت، ئەو مێرمنداڵە ناوی شێروانە، کە لە تەمەنی سۆراندایە و لە هەمان گەڕەکیش دەژین، دەڵێت، "پێی گوتم، بڕۆ بە ماڵەوە بڵێ، من دەڕۆم و نایەمەوە. سواری ماتۆڕ بوو و منیش چووم ماڵەوەیانم ئاگادار کردەوە."
 
باوک، دایک، برا، مام و ئامۆزا دوو رۆژە لەدەوری یەکدی کۆبوونەتەوە و بەدوای سالاردا دەگەڕێن، بە گوتەی ئەوان، یەکەمجارە کوڕەکەیان بەو شێوەیە لە ماڵ بڕوات.