دانیشتووانی گوندێکی جۆلەمێرگ لە دژی لێدانی کانێک خۆپێشاندان دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی گوندی مارینۆس سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان چوار رۆژە لە دژی لێدانی کان لە سنووری گوندەکەیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، خەڵکی شارەکانی دەوروبەریش پشتگیرییان دەکەن.
 
لە ساڵی 2007ـەوە کۆمپانیای Sedex Resources بۆ لێدانی کان لە گوندی مارینۆس کار لەسەر لێدانی کان دەکات.
 
دانیشتووانی ناوچەکە رۆژی 22ی نیسان گردبوونەوە و بەرەو شوێنی کانەکان رێپێوانیان کرد.
 
ناڕەزایەتییەکان رۆژ لەدوای رۆژ فراوانتر دەبن. هاونیشتمانییانی شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری جۆلەمێرگ دەڕۆن بۆ ئەوێ پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازیی ئەو گوندە دەکەن.
 
لە رۆژی چوارەمی ناڕەزایەتییەکاندا هاونیشتمانیان لەسەر پردی شین، کە دەکەوێتە سەر رێگەی شارۆچکەی چەلێ، بەردەوامبوون لە خۆپیشاندانەکان.
 
هاونیشتمانیان لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای جۆلەمێرگ و کۆمپانیاکە کۆبوونەتەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێک لە کۆبوونەوەکان دەرنەچوو.
 
لەو ناوچەیەی ناڕەزایەتی هاونیشتمانیان تێیدا بەردەوامە، هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنە ئەمنییەکانیان تووندتر کردووە.
 
گوندنشینانی ناوچەکە داوا دەکەن چالاکیی کانەکان رابگرن و قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە کە بەر سرووشتی ناوچەکەیان کەوتووە.