لە سۆران 'لەسەر کێشەیەکی پێش راپەڕین' تەقە لە قایمقامی رواندز دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە مزگەوتەکانی سۆران تەقە لە قایمقامی قەزای رواندز دەکرێت، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێت، تەقەکردنەکە زیاتر وەکو پەیامێک بووە بە ئاراستەی قایمقامەکە، نەک کوشتنی، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە کێشەیەکی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش راپەڕین."
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 26-04-2023 لە سۆران تەقە لە ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز کرا.
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سنووری ئیدارەی سۆران رایگەیاند، ئەحمەد قادر لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سۆران لە کاتی بەشداریکردنی لە پرسەیەکدا، تەقەی لێ کراوە و هەوڵی کوشتنی دراوە، بەڵام لە هەوڵەکە رزگاری بووە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە پەیامنێری رووداوی گوت، "تەقەکردنەکە زیاتر هەوایی بووە و وەکو پەیامێک ئاراستەی قایمقامی رواندز کراوە، نەک بۆ کوشتنی."