لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی بودجە دەست بە میوانداریی وەزارەتەکان دەکات

 
رووداو - بەغدا

دوای تەواوبوونی پشووی جەژنی رەمەزان، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە دەستپێکرد؛ لە ئەمڕۆوە میوانداریی وەزارەت و دەستە و پارێزگارەکان دەکەن تاوەکو بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
 
بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە بڕی دوو تریلیۆن و 500 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، یەکێکە لە کێشەکانی بەردەم بەپەلە تەواوکردنی پرۆژە یاسایەکە، چونکە نوێنەری پارێزگاکان داوای زیادکردنی دەکەن.
 
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "پەرەپێدانی پارێزگاکان ئەو ناونیشانەیە بۆ پارێزگاکان دیاریکراوە، گوژمەی پارەکەی دیاریکراوە و دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینارە بۆ ساڵی 2023، ئەگەر بەراوردی بکەین بە ساڵانی رابردوو زۆر کەمە، بۆیە کار دەکەین لەسەر کەمکردنەوەی بودجەی ھەندێک لە وەزارەتەکان و پڕۆژەی پارێزگاکانی پێ زیاد دەکەین."
 
پەرلەمانى عێراق لە 16ى نیسانى 2023 خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد، کە هەنگاوى بەر لە دەنگدان و پەسندکردنیەتى لە پەرلەمان، ئێستا کۆدەنگییەک ھەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کە لەگەڵ تەواوبوونی کارەکانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
 
زەھرە بجاری، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەڵێت، "پشتیوان بە خودا لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە دەستدەکرێت بە میوانداریکردنی وەزیرەکان لەلایەن لیژنەی داراییەوە تایبەت بە پلانەکانیان، تێبینی و قسەی لایەنەکانی پەیوەندیدار لەسەر بودجە وەرگیراوە و لە لیژنەی دارایی تاوتوێ دەکرێن، پێموایە لە سێ ھەفتە تاوەکو مانگێک بودجە پەسند دەکرێت."
 
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
 
پڕۆژەیاسای بودجە بابەتە گەرمەکەی ئێستای گۆڕەپانی سیاسی و پەرلەمانی عێراق، ھەرچەندە لە وادەی خۆی زۆر دواکەوتووە، بەڵام زۆربەی پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی دەڵێن، بەرەو کۆتاییهاتنی مانگی ئایار پڕۆژەیاسای بودجە پەسند دەکرێت.