61 دادوەر و داواکاری گشتی: لێبڕینی مووچە نایاساییە


رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک دادوەر و ئەندامی داواکاری گشتی، لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە"نایاسایی"، ناودەبەن و داوای هەڵگرتنی دەکەن، لە ئەگەری بەردەوامبوونیشی وەکو لە راگەیێندراوێکیاندا ئاماژەیان بۆ کردووە " هەڵوێستیان دەبێت."
 
ئەمڕۆ 26ـی نیسانی 2021، 61 دادوەر و ئەندامی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، راگەیێندراوێکیان وەکو هاوهەڵوێستییەک بۆ دادوەرێکی هاوکاریان بەناوی گۆران بەرزنجی بڵاوکردەوە و باسیان لەوە کردووە، "پێشتر هەر بیانوویەک بۆ لێبڕینی مووچە هەبووبێت، ئێستا بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 65 دۆلار و زیادبوونی داهاتی ناوخۆ و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، ئەوا بوار بۆ ئەو بیانووەی نەهێشتووەتەوە."
 
گۆران بەرزنجی، دادوەر لە دادگەی بەرایی سۆران کە هەفتەی رابردوو داوای هەڵگرتنی لێبڕین لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردبوو رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەو کارە بەردەوامبێت دەست لەکاردەکێشێتەوە.
 
گۆران بەرزنجی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ پاساوێک بۆ لێبڕینی مووچە نەماوەتەوە، خۆی لە بنەڕەتدا لە هیچ یاسایەکدا لێبڕینی مووچە نەهاتووە، ئەوەی کراوە نایاساییە و پێچەوانەی یاسای خزمەتی مەدەنی و یاسای مووچەی فەرمانبەرانە لە کەرتی گشتی و تایبەت، هەروەها یاسای مووچەی دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتیی، بۆیە دەبێت لێبڕینی مووچە هەڵبگیرێت."
 
هەروەها ئەو دادوەرە لەبارەی ئەگەری هەڵنەگرتنی لێبڕینی مووچە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی لە چەند بۆنەیەکدا بە خۆگونجاندن ناویان بردووە نەک لێبڕین گوتی، "ئەگەر لێبڕینی مووچە هەڵنەگیرێت، ئەوا ئەو دادوەر و ئەندامانەی داواکاری گشتی هەڵوێستیان دەبێت وەکو بڵاویان کردووەتەوە، هەڵوێستەکانیان مەدەنییە و لە بایکۆتی دەوامەوە تاوەکو سکاڵا تۆمارکردن و دەستلەکارکێشانەوە دەڕوات."
 
رۆژی 20ـی ئابی 2020، 48 دادوەر و ئەندامی داواکاری گشتیی داوای چاکسازی راستەقینە و کۆتاییهاتنی دوو مووچەیی و سێ مووچەیی و بندیوارییان کرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاساوی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و پێنەدانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، لەژێر ناوی "خۆگۆنجاندن" بڕێک لە مووچەی مووچەخۆرانی دەبڕێت و فەرمانبەرن مووچەکانیان بەتەواوی وەرناگرن.
 
ئەو دادوەر و ئەندامانەی داواکاری گشتی، لە راگەیێندراوەکەیاندا، وێڕای نەمانی مووچە، سێ داواکاریی دیکەشیان هەیە کە ئەمانەن "داواکارین کاری زیاتر بکرێت بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، رێزی تەواو لە سەربەخۆیی دامەزراوەی دەسەڵاتی دادوەری بگیرێت، دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری دادگەکان رێگەی لێبگیرێت و بەهەموو شێوەیەک قەدەخە بکرێت."
 
سەبارەت بە مووچەش، داوا دەکەن چاکسازی بکرێت و مافی فەرمانبەران لە مووچە و شایستە داراییەکانیان بگەڕێنرێتەوە و ژمارەی بانکی بۆ فەرمانبەران دروست بکرێت. 
 
خشتەی مووچەی مانگی نیسان