لە هەولێر 96 تیپ کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی چوار جۆر خەڵاتی یاریی سینی سینیانێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە بەشێکی زۆری شار و شارۆچكە و گوندەكانیشدا لە کوردستان، شەوانی مانگی رەمەزان چەند شوێنێك بۆ یارییە كۆن و فۆلكلۆرییە كوردەوارییەکان تەرخان دەكرێن. یەکێک لەو یارییانەش یاریی سینی و زەرف یان سینی سینیانێیە. 
 
یارییە فۆلكلۆرییەكان شەوانی رەمەزان گەرمتر دەکەن. باخی شار لە هەولێر، یەکێکە لەو شوێنانەی لە شەوانی رەمەزاندا لە دوای بەربانگ، دەبێتە جێگەی کۆبوونەوەی پیر و گەنج. 
 
ئەبوبەکر 30 ساڵە یاریی سینی سینیانێ دەکات و، لەکاتی یارییەکەشدا جگە لە سەرکەوتن، بیر لە هیچی دیکە ناکاتەوە.
 
یاریی سینی سینییانێ، لە سینییەک و 11 زەرف و شەش یاریزان پێکهاتووە، لەژێر یەکێک لە زەرفەکاندا زارێک دەشاردرێتەوە، ئەوەی بیدۆزێتەوە، دەبێتە براوەی یارییەکە.
 
مام نەبەز بۆ ئەوەی یارییەکە بەزیندوویی بمێنێتەوە، ساڵانە خولی جیاجیا دەکاتەوە و چەندین خەڵات ئامادە دەکات و لە کۆتایی مانگی رەمەزاندا دابەشیان دەکات.
 
مام نەبەز لەبارەی خەڵاتەکانەوە دەڵێ "ئەمساڵ 96 تیپمان بەشداری پێکردووە، دیاریی زۆر باشمان بۆ شاری هەولێر داناوە. چوار خەڵاتم داناوە، یەکەمیان سێ مۆبایلی ئایفۆن 15ـی پرۆماکس، دووەم سێ ئایفۆن 14 و سێیەمیشیان سێ بلیت بۆ دوبەی، چوارەمیشیان سێ مۆبایلی ئاساییە. ئێمە لە یەکی رەمەزان بۆ 30 رەمەزان بەردەوام دەبین."
 
یاری سینی و زەرف مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 200 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە کە لە كەركووك، پردێ، لە پارێزگای هەولێریش بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی تەیراوە و تەعجیل، کورد و عەرەب ئەم یارییەیان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش کردووە.