ماددەی 35ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان چییە و بۆ کورد دژیەتی؟

رووداو دیجیتاڵ 

لە کەرکووک ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لایەن و پێکهاتەکان لەسەر تۆماری دەنگدەران مقۆمقۆیانە. کورد، پێداگرە لەسەر ئەوەی مادەی 35ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەخرێتە نێو یاساکە، لە بری ئەوە دەست بۆ رێگە چارەیەکی دیکە ببرێت.
 
ماددەی 35 تایبەتە بە وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک؛ ترسی کورد لە وردبینی لەوەدایە؛ دەبێت دەنگدەران فۆڕمی خۆراک و ناسنامەیان کەرکووک بێت، بەمەش نزیکەی 50 هەزار کورد، کە لە کەرکووکەوە راگوێزراون و ناسنامەیان خراوەتە سەر ئەو شوێنانەی تێیدا نیشتەجێبوون، لە مافی دەنگدان لە پارێزگاکەیان، بێبەش دەبن.
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک، دەبێتە دووەمجار لەدوای ساڵی 2003، چونکە بەهۆی ئەو گرفتانەی ئێستا هەن، 18 ساڵە هەڵبژاردن لە کەرکووک ناکرێت.
 
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی رابردوودا ژمارەی دەنگدەرانی کەرکووک ملیۆنێک و 75 هەزار و 510 کەس بووە. بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەدایکبووانی 2004 و 2005ـیش مافی دەنگدانیان هەیە، بۆیە بەگشتی ژمارەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتوو لە کەرکووک ملیۆنێک و 143 هەزار و 409 کەس دەبێت.
 
بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، ژمارەی دەنگدەرانی کەرکووک 67 هەزار و 899 کەس زیادی کردووە، کە تائێستا لە کۆی گشتی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە رێژەی 67%ـیان پرۆسەی بایۆمەترییان کردووە.
 
بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان، لایەنەکان بەدوای رێگەچارەیەکەوەن. عەرەب و تورکمان لەیەک بەرەدان و دەیانەوێ ماددەی 35 لە پرۆژەیاساکەدا بمێنێتەوە و وردبینی لە تۆماری دەنگدەراندا بکرێت.
 
محەممەد سەمعان، گوتەبێژی بەرەی تورکمانی عێراق لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت "جەخت دەکەینەوە لە مانەوەی ئەو ماددەیە، هەروەها داوا دەکەین ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی یاساییان لەسەر چارەنووسی کەرکووک نەبێت. دووەمیش دەبێ وردبینی لە تۆماری دەنگدەراندا بکرێت. بەپێی ئەو بەڵگانەی لە لای وەزارەتی بازرگانی هەن، زیاتر لە 300 هەزار دەنگدەر، ناسنامەیان کەرکووک نییە".
 
کورد، پێداگرە لەسەر ئەوەی ماددەی 35 نەخرێتە یاساکەوە، بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی نوێش، ئامادەن بە مەرجی ئەوەی پشت بە سەرژمێریی ساڵی 1957 ببەسترێ بۆ هەر پێداچوونەوەیەک.
 
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی سەنتەری هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک و سەڵاحەدین دەڵێ "وردبینی بەگشتی باش نییە، لەبەر ئەوەی لە دەسەڵاتدا نین بۆیە باش نییە. ئەگەر پێداچوونەوەش بکرێت، دەبێت بەپێی لایەنی کارگێڕیی ساڵی1957بکرێت".