ئاستی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی چیای گابار گەیشتووەتە 35 هەزار بەرمیل
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی نەوتی تورکیا دەڵێت، بەرهەمهێنانی نەوت لە چیای گابار گەیشتووەتە 35 هەزار و 61 بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەمڕۆ هەینی، 26ـی کانوونی دووەمی 2024، دامەزراوەی نەوتی تورکیا لە پۆستێکدا کە لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی، "ئێمە یەکەم ژمارەی پێوانەیی ساڵی نوێمان لە گابار شکاند. بەرهەمهێنانی رۆژانە 35 هەزار و61 بەرمیل نەوتە".
دامەزراوەکە دەڵێت، ئەو 35 هەزار بەرمیل نەوتە لە 28 بەرمیل دەردەهێندرێت، بەڵام ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئاستی بەرهەمهێنان بگەیێننە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
چەند مانگێکە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە شرناخ، سێرت، جۆڵەمێرگ، دیلۆک، ئادانا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
ئاڵپارسڵان بایراکتار وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا 1ـی کانوونی دووەمی 2024، سەردانی پارێزگای شرنەخ ـی باکووری کوردستانی کرد و رایگەیاند، لە پارێزگای شرنەخ ـی باکووری کوردستان گەورەترین دۆزینەوەی نەوتیان لەسەر زەوی لە مێژووی کۆماری تورکیادا تۆمار کردووە و لە کۆتایی 2024 ـدا بەرهەمهێنانی نەوت لەو پارێزگایە دەگەیێننە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.