بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان: زۆربەی شۆفێری ئەو تەکسییانەی لۆگۆیان نییە فەرمانبەرن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆی 76 هەزار تەکسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە نیوەیان لۆگۆیان لێدراوە. بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێریش دەڵێت، "بەشێکی زۆری ئەو تەکسییانەی لۆگۆیان لێنەدراوە، خاوەنەکانیان فەرمانبەرن."
لە هەولێر 10 هەزار تەکسی بێ لۆگۆن
عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆی 34 هەزار تەکسی لە هەولێر 24 هەزار تەکسی لۆگۆیان وەرگرتووە و نزیکەی 10 هەزار تەکسی ماون کە لۆگۆیان وەرنەگرتووە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر، راپرسییەکیان کردووە بۆ ئەوەی بزانن بۆچی بەشێک لە خاوەن تەکسییەکان لۆگۆ وەرناگرن. بەپێی راپرسییەکە، زۆربەی ئەوانەی لۆگۆیان وەرنەگرتووە فەرمانبەرن.
عەبدولخالق عەلی گوتیشی، "زۆر فەرمانبەر هەن چ پێشمەرگە بێت یان هەر فەرمانبەرێکی دیکە کە مووچەی کەمە و ناتوانێت کاری تەکسی بکات، نەیاندەتوانی لۆگۆ وەربگرن، بۆیە داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە پێداچوونەوە بە رێنوێنییەکان بکرێت و ئەوانەی مووچەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە بتوانن کاری تەکسی بکەن و بە سوپاسەوە ئەوانیش بڕیارەکەیان دەرکرد."
رۆژی چوارشەممە 25-01-2022 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێنوێنیی نوێی بۆ پێدانی لۆگۆ بە خاوەن تەکسییەکان دەرکرد، یەکێک لە رێنوێنییەکان دەڵێت، هەر فەرمانبەرێک مووچەی لە یەک ملیۆن دینار کەمتر بێت دەتوانێت لۆگۆ وەربگرێت.
لە سلێمانی 15 هەزار تەکسی لۆگۆیان نییە
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سلێمانی لە کۆی 27 هەزار تەکسی، 12 هەزار و 500 تەکسی لۆگۆیان وەرگرتووە، هاوکات زیاتر لە 10 هەزار تەکسیش مامەڵەی وەرگرتنی لۆگۆیان کردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو دەستیکەوتووە، بەشێکی زۆری ئەو تەکسییانەی کە لۆگۆیان وەرنەگرتووە، ئەوانەن کە فەرمانبەرن یان پێشمەرگەن، کە بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ مافی وەرگرتنی لۆگۆی تەکسییان نییە.
4000 تەکسیی دهۆک بێ لۆگۆن
خۆشبی عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە پارێزگای دهۆک لە کۆی 15 هەزار تەکسی 11 هەزار و 200 تاکسی لۆگۆیان وەرگرتووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گواستنەوەی دهۆک، زۆربەی ئەو کەسانەی تەکسیان هەیە و لۆگۆیان وەرنەگرتووە پێشمەرگەن، بەردەوام رۆژانە سەردانیان دەکردن و دەیانپرسی ئایا رێنوێنیی نوێ دەرکراوە بۆئەوەی بتوانن ئەوانیش لۆگۆ وەربگرن، چونکە بەشێکی زۆریان مووچەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمتر بوو، بەڵام دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوانیش دەتوانن کاری تەکسی بکەن و لۆگۆ بۆ تەکسییەکانیان وەربگرن.
بەپێی رێنوێنییە نوێیەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لۆگۆی تەکسی دەدرێت بەو شوفێرانەش کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و لە هێڵی گواستنەوەی نێوان ناوچە و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەو مەرجەی بەر لەم فەرمانە خاوەن هێڵی گواستنەوە بن بە پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی تایبەتمەند.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو 15-07-2023 مۆڵەت دەداتە شۆفێرانی تەکسی بۆئەوەی لۆگۆی تەکسی وەربگرن، بە پێچەوانەوە لەدوای ئەو وادەیە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارەکان بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 1ی ساڵی 2019 رێنوێنیی رێکخستنی کاری شۆفێری تەکسی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان "دەستدەگرن بەسەر هەر تەکسییەک کە بێ لۆگۆ بێت."
لێدانی لۆگۆ و دەرهێنانی کارتی زانیاریی تەکسی پرۆژەیەکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە کە پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ساڵی 2019 دەستیپێکراوە، بەڵام بەهۆی کێشەی کۆرۆنا و کەرەنتین و راگرتنی داتابەیسەکەی وەستابوو.